رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەداتە حکومەتەکانی وڵاتانی کەنداو لەبارەی جێگیرکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان و دەڵێ، هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ سوپای ئەمریکا، وەک بەشداریکردن لە کردە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئابی 2026 عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پەیامێکدا سەبارەت بە یارمەتیدانی سوپای ئەمریکا هۆشداریی دایە وڵاتانی کەنداو.
عەلی عەبدوڵڵاهی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئەو وڵاتانەی باشووری کەنداوی فارس کە بە دەرکردنی راگەیێندراوی جیاجیا باس لەوە دەکەن کە رێگە بە ئەمریکا نادەن خاکەکەیان دژی ئێران بەکاربهێنێت، دەبێت بزانن کە هیچ شتێک لە چاوی ئێمە شاراوە نامێنێتەوە."
عەبدوڵڵاهی دەڵێت: "رێی تێناچێت کە ئەم ژمارە زۆرەی فڕۆکەی سەربازی، بەتایبەتی فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر، بەبێ ئاگاداری وڵاتانی میواندار لە بنکە ناوچەییەکاندا جێگیر کرابن."
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت: "هۆشداری دەدەین، هەر جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا، وەکو بەشداریکردن لە گشت کردە سەربازییەکانی ئەمریکادا هەژمار دەکرێ."



