رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا کە بە "دیواری پۆڵایین" ناسراوە، تاوەکو ئێستا رێکاری تووندیان بەرامبەر دەیان کەشتیی بازرگانی گرتووەتەبەر کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم کە رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس مەیسۆن 87 لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیرکراوە و ئەرکی پاراستنی دیواری پۆڵاییـی ئەمریکا دژی ئێران جێبەجێ دەکات.
لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری سی هاوک ئێم ئێچ 60 بە بەردەوامی دەفڕن بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان.
ئامارە نوێیەکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، تاوەکو رۆژی 17ی ئابی 2026، هێزەکانیان رێڕەوی 64 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە؛ هەروەها هێزەکانی ئەمریکا سێ کەشتییان بە تەواوی پەکخستووە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکەش بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێکارەکانی گەمارۆکە.
ئەم رێکارە تووندانەی واشنتن و جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییە پێشکەوتووەکان لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە لووتکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنێت.
لە 13ی تەممووزەوە ئەمریکا گەمارۆی تووندی دەریایی خستووەتە سەر ئێران، ئەوەش دوای شکستی هەوڵەکانی رێککەوتن لەنێوان هەردوولادا.


