رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بە "پێشهاتێکی زۆر گوماناوی" وەسف کرد و جەختی لە پێویستیی هۆشیاریی هەموو لایەک کردەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی "دووژمنان".
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17-8-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی (ئیرنا)دا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی سەر قەزای پیرمام، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، رایگەیاند: "ئەمە پێشهاتێکی زۆر گوماناوییە و پێویستە بە هۆشیاری و وردییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تاران رژدە لە پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.
بەقایی بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەک هەوڵ بدەن بۆ "پووچەڵکردنەوەی پیلانی دووژمنانی هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق، کە ئامانجیان تێکدانی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان هەردوو گەلە."
ئیسماعیل بەقایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی پێشووی بەرپرسانی عێراق کرد، لەوانەش راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەبارەت بە دۆزینەوەی هەندێک شانەی سەر بە لایەنی بیانی کە لە ناو عێراقدا خەریکی داڕشتن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن بوون بۆ تێکدانی سەقامگیری و پەیوەندییەکان، بۆیە داوای هۆشیاریی زیاتری لە هەموو لایەک کرد.
دژە تیرۆری کوردستان رۆژی دووشەممە بڵاوی کردەوە، کاژێر 00:28ی بەرەبەیانی رۆژی 17ی ئابی 2026 دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) "لە دیوی سنووری ئێرانەوە" ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو هێرشەی کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەڕێگەی درۆنی "حەدید-110."
وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دا هاتووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران "سەرسوڕمانی خۆی لە روودانی هێرشێکی لەو شێوەیە دەربڕی و روونی کردەوە، هیچ زانیارییەکی لەبەردەستدا نییە کە هێرشەکان لە خاکی ئێرانەوە کرابن."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، عێراقچی جەختی کردووەتەوە، "هیچ پاساوێک بۆ کارێکی لەو شێوەیە نییە، لەژێر رۆشنایی ئەو پەیوەندییە ئەرێنی و پتەوانەی حکومەتی ئێران لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەگەڵ دوو پارتە سەرەکییەکە هەیەتی."
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاری دا لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەی هێرشەکە پێکبهێنێت و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە زووترین کاتدا بۆ رای گشتی بڵاوبکرێنەوە و هەموو وردەکارییەکانی هێرشەکە و ئەو لایەنانەی لە پشتییەوەن ئاشکرا بکرێن.



.jpg&w=3840&q=75)