رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری بەشی لێکۆڵینەوە لە دادگەی تاران رایگەیاند، نۆ کەس کە دەستیان لە رفاندن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی حەمید رەزا رەجەبزادە هەبووە، دەستگیرکراون.
محەممەد شەهریاری، سەرپەرشتیاری بەشی لێکۆڵینەوە لە دادگەی تاران، رۆژی دووشەممە، 17-08-2026، بە ئاژانسی هەواڵی (میزان)ی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران راگەیاند: "ئەو نۆ کەسەی لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی حەمید رەزا رەجەبزادە بەشداربوون، دەستگیرکران."
هەفتەی رابردوو، محەممەد شەهریاری دۆزینەوەی تەرمی رەجەبزادەی لە دەوروبەری تاران راگەیاند و گوتی: "تەرمەکە لەلایەن ئەنجامدەرانی تاوانەکەوە سووتێندراوە."
حەمید رەزا رەجەبزادە سروودبێژێکی ئایینی بوو کە بەگوێرەی میدیای ئێران، زیاتر لە دوو هەفتە بێسەروشوێن بوو.
پێشتر، لە 10ـی ئابی 2026 فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران (فەراجا) رایگەیاند، چوار پیاو و ژنێک لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون و یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیش گومانلێکراوی سەرەکییە.
بەپێی میدیای ئێران، ئەنجامی دوایین لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەریخستووە، تۆمەتباری سەرەکی ژن بووە کە "بە پیلانێکی پێشوەختە حەمید رەزا رەجەبزادەی بردووەتە شوێنێکی چۆڵ و دوای ئەوەی بە خۆراکی ژەهراوی بێهۆشی کردووە، بە چەندین چەقۆ لێیداوە و کوشتوویەتی، دواتریش تۆمەتبارەکان تەرمەکەیان بۆ زەوییە چۆڵەکانی دەوروبەری شاری پەڕەند گواستووەتەوە و ئاگریان تێبەرداوە."


.jpg&w=3840&q=75)
