رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 10ـی ئابی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی باڵای هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدا کرد کە بەهۆی جەنگی 40 رۆژە و کوژرانی فەرماندەکان، بۆشاییان تێکەوتبوو.
یەکێک لەو کەسانەی پۆستێکی باڵای نوێی پێ سپێردرا، کیومەرس حەیدەری بوو کە وەک جێگری سوپاسالاری ئێران دیاری کرا.
کیومەرس حەیدەری، لەدایکبووی ساڵی 1964، کوردی شیعە و خەڵکی شاری سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
ساڵی 1982 لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا چووەتە ریزی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی و لەو ماوەیەدا چەندین پۆستی باڵای سەربازی و فەرماندەیی پێسپێردراوە؛ ئێستاش لە جومگەیەکی هەرە هەستیاری بڕیاردانی سەربازیدا، شانبەشانی عەلی عەبدوڵڵایی، سوپاسالاری ئێران ئەرکەکانی رادەپەڕێنێت.
بەر لەوەی موجتەبا خامنەیی بڕیاری گۆڕانکاری لە پۆستە سەربازییە باڵاکاندا بدات، کیومەرس حەیدەری، هەر جێگری عەلی عەبدوڵڵایی بوو، بەڵام لە قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا و فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران:
لووتکەی دەسەڵاتی کیومەرس حەیدەری، جێگرایەتیی هەردوو فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیایە کە پێکەوە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە دەسەڵاتدا نییە.
دوای گۆڕانکاری لە پۆستە سەربازییە باڵاکان و پلەبەرزکردنەوەی عەلی عەبدوڵڵایی و کیومەرس حەیدەری وەک فەرماندەی گشتی و جێگری فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، دەنگۆی هەڵوەشانەوە و تێکەڵبوونی قەرارگەکە بە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان بەهێزتر بووە کە ماوەیەکی کەم بەر لە کوژرانی، عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران فەرمانی تێکەڵبوونەوەیانی دەرکردبوو.
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، بەرزترین بارەگای فەرماندەیی سەربازییە لە ئێران کە ئەرکی پلاندانان، هاوئاهەنگی و چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
قەرارگە ناوەندییەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1983 دامەزراوە و لە کەمتر لە یەک ساڵی رابردوودا لەلایەن عەلی عەبدوڵڵایی و کیومەرس حەیدەرییەوە وەک نوێنەرانی سوپای پاسداران و ئەرتەش فەرماندەیی دەکرا.
ئامانجی دامەزراندنی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، پێکهێنانی ژوورێکی فەرماندەیی هاوبەش و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سوپای پاسداران و ئەرتەش بوو، بەڵام لەوبارەوە فەرماندەییەکە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت.
دواتر ساڵی 1988، هەر بە مەبەستی کەمکردنەوەی ناکۆکیی نێوان ئەرتەش و سوپای پاسداران، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکهێنرا، بەو ئامانجەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیاش لەگەڵی تێکەڵ بکرێتەوە.
هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش هاوشێوەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هەموو کات فەرماندەییەکەی لە سوپای پاسداران بووە و جێگری فەرماندەی گشتیشی لە ئەرتەش هەڵبژێردراوە.
تەنیا کاتێک ئەرتەش فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی گرتووەتە ئەستۆ، کە محممەد باقری لە جەنگی 12 رۆژەدا لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کوژرا و عەبدولڕەحیم موسەوی، کە پێشتر فەرماندەی گشتیی ئەرتەش بوو، وەک جێگرەوەی دیاری کرا.
زۆری نەخایاند لە دەستپێکی جەنگی 40 رۆژەدا لە 28ـی شوبات، عەبدولڕەحیم موسەویش کوژرا و دووبارە فەرماندەییەکە لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە بە عەلی عەبدوڵڵایی سپێردرایەوە کە یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانە.
وێستگە گرنگە سەربازییەکانی کیومەرس حەیدەری:
کارنامەی سەربازیی کیومەرس حەیدەری، ساڵی 1982 لە جەرگەی جەنگی وڵاتەکەی و عێراق وەک خۆبەخشێکی "بەسیج" دەستیپێکرد.
ئەو وەک کوردێک کە لە ناوچە سنوورییەکانی کرماشانەوە هاتبووە نێو گۆڕەپانی جەنگەوە، زوو توانی قۆناخە سەربازییەکان ببڕێ و ساڵی 1984 بە فەرمی بووە ئەفسەر لە سوپای ئێران (ئەرتەش) و لە فەیلەقی 81ی زێرەڤانیی کرماشان دەستبەکار بوو.
کیومەرس حەیدەری دوای ئەوەی لە ساڵی 1998ـەوە تاوەکو ساڵی 2005 وەک فەرماندەی قەرارگەی باشووری رۆژئاوای ئەرتەش کاری کرد، بۆ سێ ساڵ وەک جێگری فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەش بۆ کاروباری رێکخستن دەستنیشان کرا.
ساڵی 2008 بۆ 2016 وەک جێگری یەکەمی فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای ئێران (ئەرتەش) ئەرکی سەربازیی خۆی راپەڕاند و لە سەردەمی فەرماندەیی گشتیی عەبدولڕەحیم موسەویدا لە ئەرتەش، لە ساڵی 2016ـوە تاوەکو 22-11-2025، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپاکە بوو، ئەوەش یەکێکە لە درێژترین ماوەکانی فەرماندەیی لە مێژووی هێزەکەدا.
''کاریگەرترین فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەش بوو''
لە سەردەمی فەرماندەیی کیومەرس حەیدەریدا، هێزی زەوینیی سوپای ئێران گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەردا هات کە بەوهۆیەوە وەک ''کاریگەرترین فەرماندەی هێزەکە'' دەناسرێت.
کیومەرس حەیدەری سیستمی کۆنی فەیلقەکانی هێزی زەوینیی وڵاتەکەی گۆڕی بۆ ''هێزی هێرشبەری گەڕۆک'' و ''یەکەکانی وەڵامدانەوەی خێرا"، بۆ ئەوەی ئاستی ئامادەیی هێزی زەوینیی سوپاکە بەرز بکاتەوە.
ئەم چاکسازییەی کیومەرس حەیدەری و پاڵپشتی لە بەرەی موقاوەمە و ناردنی هێز بۆ سووریا، بووە هۆی وەرگرتنی ''نیشانی فەتحی پلە یەک'' لە دەستی عەلی خامنەیی لە ساڵی 2021 کە بۆ سەرکەوتنە ستراتیژییەکان لە ئێران بە بەرزترین خەڵاتی سەربازی دادەنرێت.
دوای کوژرانی عەلی شادمانی لە 17ـی حوزەیرانی 2025، کاتێک عەلی عەبدوڵڵایی وەک فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا دیاری کرا، کیومەرس حەیدەریش کرایە جێگری یەکەمی فەرماندەکە.
دوایین پۆستی کە وەک لووتکەی کاری سەربازیی کیومەرس حەیدەری دەزانرێت، جێگری سوپاسالاری ئێرانە کە لە ئابی ئەم ساڵەوە تێیدا دەستبەکار بووە.
ئەم پۆستە حەیدەری دەخاتە ریزی یەکەمی ئەو کەسانەی کە بڕیار لەسەر ستراتیژیی بەرگری و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەدەن.
پەیوەندیی حەیدەری لەگەڵ بەرەی موقاوەمە:
لە کارنامەی سەربازیی کیومەرس حەیدەریدا پاڵپشتی لە بەرەی موقاوەمەش دەبینرێت. کاتێک حەیدەری هێشتا جێگری فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای ئێران بوو، مانگی ئاداری 2016، ئەو هێزانەی بەسەرکردەوە کە ئامادە کرابوون بۆ سووریا رەوانە بکرێن.
چەند مانگێک دواتر، بوونی هێزەکانی سوپای وڵاتەکە (ئەرتەش)، لەوانەش هێزی تایبەتی فەیلەقی 65ـی ''نوهێد'' کە بە ''کڵاو سەوزەکان''ـیش ناسراون، لە سووریا ئاشکرا کرا.
هەمان ساڵ، دوای چەند مانگێک لە ئاشکرابوونی بەشداریی هێزەکانی ئەرتەش لە شەڕی نێوخۆیی سووریادا، لەلایەن عەلی خامنەییەوە، فەرماندەیی هێزی زەوینیی سوپاکە بە کیومەرس حەیدەری سپێردرا.
دواتر حەیدەری وردەکاریی رۆڵی هێزەکانی ژێر فەرمانی خۆی لە سووریا خستەڕوو و ساڵی 2020 رایگەیاند، تۆپخانەی هێزی زەوینیی سوپا لەو وڵاتە ئامادەیی هەبووە و لە "شەڕی دژی داعش''ـدا ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
حەیدەری لە جەرگەی شەڕی داعشدا لە عێراق پشتڕاستی کردەوە، هێزی زەوینیی سوپا لە چوارچێوەی "رووبەڕووبوونەوەی داعش" و بەرەی موقاوەمەدا چووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانیش و بنکەیەکی سەربازی دامەزراندووە.
کیومەرس حەیدەری لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و ئەورووپادایە
ئەو فەرماندە سەربازییە بە تۆمەتی دەستهەبوون لە ''سەرکورتکردن''ـی خۆپێشاندەرانی ساڵی 2019ـی وڵاتەکەی، خراوەتە نێو لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە.
هەر بە تۆمەتی ''سەرکوتکردن''ـی خۆپێشاندەرانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ژێر فەرماندەیی کیومەرس حەیدەری لە ساڵەکانی 2019 و 2022، یەکێتیی ئەورووپاش ئەو فەرماندە سەربازییەی خستووەتە نێو لیستی سزاکانییەوە.
کورد لە هێزە چەکدارەکانی ئێراندا
جیا لە کیومەرس حەیدەری کە کوردی شیعەی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی دیکەی کورد لە سوپای پاسداران و ئەرتەشدا دەبینرێن.
لەوانەش دەکرێ ئاماژە بە شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەش بکرێ کە کوردی سوننەیە و خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە.


.jpg&w=3840&q=75)