رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رادەگەیێنێت، رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییان و ئەو کەسانەی چەکی بێ مۆڵەتیان پێیە تووندتر دەکرێت و دەشڵێت، چەکە نایاساییەکان کۆدەکەینەوە و هەڵگرانی رووبەڕووی سزای تووندی یاسایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 14ی ئابی 2026، قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی ئەو پارێزگایەدا جەختی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی تواناکانی هەواڵگری و وشیاریی هێزەکانی پۆلیس و پاسەوانی سنوور کردەوە.
جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران، رووبەڕووبوونەوەی هەڵگرانی چەکی بێ مۆڵەت، کۆکردنەوەی چەکە نایاساییەکان و سزادانی ئەو کەسانەی چەکی یاسایی بە نادروستی بەکاردەهێنن، وەک لە پێشینەی کارەکانی پۆلیس ناوزەد کرد.
قاسم رەزایی گوتی: "چەکە نایاساییەکان کۆدەکەینەوە و هەڵگرانی رووبەڕووی سزای تووندی یاسایی دەکرێنەوە. رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخچییەکانیش تووندتر دەکرێت."
رەزایی تیشکی خستە سەر پرسی قاچاخچێتی و رایگەیاند، پێویستە بە تووندی رووبەڕووی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر ببینەوە و رێگری لە هاوردەکردنی بۆ ناو ئێران بکەن. راشیگەیاند، هێزەکانی پۆلیس بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلانەی بێ تابلۆن یان تابلۆکانیان شێوێندراوە.
پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی پاکستان و ئەفغانستان، بە یەکێک لە ناوچە هەرە هەستیارە ئەمنییەکانی ئێران دادەنرێت. لەم پارێزگایەدا بەردەوام پێکدادانی چەکداری نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە بەلووچەکان، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و قاچاخچییانی سووتەمەنی روودەدات.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

