رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران رووبەڕووی دابڕانێکی تووندی ئابووری دەکەنەوە "کە لە جیهاندا هاوشێوەی نەبینراوە" و راشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو رێکاری نوێ لەو بارەیەوە دەگیرێتەبەر.
رۆژی پێنجشەممە 14ی ئابی 2026، بێسێنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزماکسی ئەمریکی رایگەیاند: "ئەمە تێکەڵەیەک دەبێت لە دابڕانی ئابووری بە جۆرێک کە پێشتر لە جیهاندا رووی نەدابێت" بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان لە تەنگەی هورمز وا دەکات رێگری لە هەر جۆرە کاڵایەک بکرێت کە نەویسترێت ببرێتە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە بێتە دەرەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ستراتیژی وڵاتەکەی وەک "پێکانێکی دوو ئاراستەیی" وەسف کرد کە پێکهاتووە لە گوشاری دارایی و گەمارۆی فیزیکیی بەندەرەکان؛ گوتیشی: "چاوەڕێ بن، هەفتەی داهاتوو زانیاری و بڕیاری زیاتر رادەگەیێنین."
ئەم لێدوانە تسوندانەی بێسێنت دوای قسەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دێت کە رایگەیاندبوو ئێستا ئامانجی یەکەمی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا، دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکا و پرسی رێگریکردن لە تاران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی کەوتووەتە پلەی دووەمی گرنگیپێدانەکان.
بێسێنت لە 4ی ئابدا، بە کەناڵی "CNBC"ی راگەیاندبوو، ئەگەری هەیە لە چەند رۆژێکی کەمدا لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
ئەو لێدوانەی پێشووی بێسێنت ببووە هۆی بەرزبوونەوەی پشکەکان لە بازاڕی وۆڵ ستریت و دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام وا دیارە ئێستا واشنتن بەرەو بژارەی تووندتر هەنگاو دەنێت.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆن بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە. تاوەکو ئێستاش رێککەوتن لەنێوان واشنتن دی سی و تاران بە دوور دەبینرێت.



