رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە پێشینەی کارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جەنگی ئێراندا، هێشتنەوەی نرخی سووتەمەنییە بە نزمی بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی. هەروەها رێگریکردن لە تاران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ئامانجی دووەمیانە.
ئەم لێدوانانەی ڤانس پێچەوانەی ئەو گوتە دووبارانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکان کە پێشتر دەیگوت، ئامانجی لەپێشینەی ئەمریکا لە چوونە ناو ئەم جەنگەوە تەنیا ئەوە بووە رێگری لە ئێران بکەن، ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت ئەگەر ئەوە بە واتای قوربانیدانی ئابووریی کورتخایەنیش بێت بۆ ئەمریکییەکان.
قسەکانی جێگری سەرۆک ئاماژەن بۆ ئەو واقیعە نوێیەی کە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێیدایە بەتایبەت پەیوەندیدار بە تەنگەی هورمز و پەڕینەوەی کەشتییەکان، کە ئێران وەک کارتێکی گوشار لە پێشینەی کارنامەی دانوستانەکاندا جێگیری کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، ڤانس بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند: "دەزانم نرخی نەوت ئەمڕۆ دابەزیوە و زۆر کەمترە لەو ئاستە بەرزەی لە رۆژانی سەرەتای جەنگەکەدا هەیبوو. ئامانجی ژمارە یەک ئەوەیە: نەوت و گاز بۆ ئەمریکییەکان لە سەرتاسەری وڵاتەکەمان بە هەرزانی بمێنێتەوە"؛ گوتیشی: "بێگومان ئامانجی ژمارە دوو ئەوەیە گەرەنتی بکیەن، کە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، یەکێک بووە لەو بەرپرسانەی ئیدارەی ترەمپ کە زۆرترین گومانی لەو هێرشە سەربازییانە هەبوو کە لە کۆتایی مانگی شوباتدا دژی ئێران دەستیپێکرد، لێدوانە نوێیەکانی نیشانی دەدەن، سیاسەتی ئێستای ترەمپی بە دڵە؛ ئەویش بەردەوامبوونی گوشاری ئابووریی تووندە لەسەر ئێران لە کاتێکدا رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە تەنگەی هورمز بەردەوامە.
ڤانس گوتی: "هەندێک جار سەرنجمان لەسەر کەرتی وزەیە، چونکە دەمانەوێت ئەمریکییەکان توانای کڕینی نەوت و گازیان هەبێت، هەندێکجاریش بێگومان سەرنجمان لەسەر لایەنی سەربازی و بەرنامە ئەتۆمییەکەیە". راشیگەیاند، ترەمپ ئێستا لە لووتکەی دەسەڵاتدایە و چەندین ئامرازی دیپلۆماسی، سەربازی و ئابووری لەبەردەستە.
هەریەک لە واشنتن و تاران سوورن لەسەر مەرجەکانی خۆیان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز. هاوکات میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن ترەمپ رووبەڕووی کێشەی کەمبوونەوەی خێرای کۆگاکانی هەندێک جۆری مووشەک و درۆن بووەتەوە، کە ئەمەش بژارە سەربازییەکانی سنووردار کردووە.



