رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی ئێوارەی پێنجشەممە، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک)، کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئیماراتە، رایگەیاند شەوی پێنجشەممە لە کاتی تێپەڕبوونیان بەنێو تەنگەی هورمزدا، هێرش کراوەتە سەر دوو کەشتیی سەر بە کۆمپانیاکەیان.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا، کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات (وام)ـەوە بڵاوکراوەتەوە، روونیکردووەتەوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و دەستبەجێ توانراوە کۆنترۆڵی دۆخی کەشتییەکان بکرێت.
ئەم رووداوە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی ئەدنۆک لەوەتەی ململانێ و شەڕی ناوچەکە لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە. تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، کۆمپانیاکە رایگەیاندبوو کە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا، 15 کەشتییان بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشەکانی پێشووشدا، ئەندامێکی تیمی کەشتییەکان کوژراوە و 20 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم هێرشە نوێیەش بۆ سەر ئەو دوو کەشتییە، دەچێتە سەر ئەو ئامارە.
"جەخت لە گرنگیی پاراستنی سەلامەتیی دەریاڤانان، ئازادیی کەشتیوانی و ئاسایشی دەریایی دەکەینەوە و سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، هەوڵدەدەین پێداویستییەکانی کڕیارەکانمان دابین بکەین."
— راگەیێندراوی کۆمپانیای ئەدنۆکتەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز.
لە ساڵی 2025ـدا، رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، لەنێویدا نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و 5 ملیۆن بەرمیل بەرهەمەکانی دیکە، بەو رێڕەوەدا تێدەپەڕین؛ کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی پێنجیەکی بەکارهێنانی نەوتی جیهان کە لەرێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە. زۆربەی ئەم نەوتەش بەرەو چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور دەڕوات. هەروەها بڕێکی زۆر لە گازی سرووشتیی شلکراو (LNG)ـیش بە هەمان رێڕەودا تێدەپەڕێت.
بەڵام لە دەستپێکی شەڕەکەوە، جووڵەی بازرگانی لە تەنگەکەدا بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە. پێش جەنگەکە، رۆژانە نزیکەی 70 بۆ 100 کەشتی و هەندێک خەمڵاندن دەڵێن 130 کەشتی بەوێدا تێدەپەڕین. بەڵام ئێستا، تێپەڕبوونی رۆژانە بۆ تەنیا 10 بۆ 14 کەشتی لە باشترین رۆژەکاندا دابەزیوە، کە ئەمەش دەکاتە تەنیا 5 بۆ 10٪ـی ئاستی پێشتر، تەنانەت لە هەندێک رۆژدا تەنیا 1 بۆ 3 کەشتی تێپەڕیون.
هەرچەندە ئیمارات بۆ رزگاربوون لەم کێشەیە، بەشێک لە نەوتەکەی لەرێگەی بۆرییەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری فوجەیرە، کە دەکەوێتە دەرەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام کۆمپانیای ئەدنۆک هێشتا ناچارە بەشێک لە نەوتەکەی بە کەشتییە زەبەلاحەکانی (VLCC) و بەنێو تەنگەی هورمزدا رەوانەی دەرەوە بکات، سەرەڕای ئەو مەترسییە گەورانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە.


