رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "لەگەڵ میسر رێککەوتین لەبارەی غەززە رێوشوێنی تووندتر بگرینەبەر."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ میسر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا گوتارێکی پێشکێشکرد.
هاکان فیدان، ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ لیبیا کرد و رایگەیاند، دیدگەیان لەبارەی ئەو وڵاتەوە وەک یەکە. باسی لەوە کرد لە لیبیا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە و گفتوگۆی درێژی کردووە و گوتی، "تورکیا و میسر لەبارەی یەکێتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لیبیاوە هاوڕان."
هاکان فیدان، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاریانداوە ئەو هاوڕاییە بکەنە هەنگاوی هاوبەش و جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لیبیا نەک تەنیا بۆ لیبییەکان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە زۆر گرنگە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی باسیان لە پرسەکانی سوودان کردووە و رایگەیاند، هەوڵدەدەن چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.
لەبارەی دۆخی غەززە و چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسەرێک گوتی، "نەتەنیاهوو و تیمەکەی سیاسەتی شکاندنی شکۆی مرۆڤ پەیڕەو دەکەن و پەرەی پێدەدەن. هەڵوێستەکانیان تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توڕە دەکات."
هەروەها گوتیشی، "سیاسەتەکانی نەتەنیاهوو بووەتە کێشەیەکی ئەمنی نەک تەنیا پەیوەندیی بە غەززە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکەوە هەیە، بەڵکو پەیوەندیی بە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، وەک وڵاتانی ناوچەکە، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باسیان لەوە کردووە کە چی دەکرێت و گوتی، "رێککەوتین لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی تووندتر. بەتایبەتی لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکان، رێگریکردن لە کوشتنی فەلەستینییەکان و پابەندبوون بە بڕگەکانی پلانی ئاشتیی غەززە کردەوە."
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ میسر، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، میسر بە سیاسەتی بەرپرسیارانەی خۆی دوای ئەو هێرشە، جارێکی دیکە سەلماندی کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی لە ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە دەکات.
راشیگەیاند، "پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆککۆمارەکانماندا لە ئاستێکی باشدایە" و گوتیشی، لە چوارچێوەی برایەتی و لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش، بە هەموو هێزیانەوە کاردەکەن بۆ قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگی."


