رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمریکا بە تووندی رەخنەی گرت، رۆژی پێنجشەممە هێزەکانی ئیسرائیل نا دژی ئەو جووانەی گەمارۆی فەلەستینییەکانیان دابوو، هەنگاویان نا. لە کاتێکدا لە شوێنێکی دیکەی کەرتی رۆژئاوا، ئیسرائیل بنکەیەکی نیشتەجێبوونی کۆنی کردەوە.
لە رۆژی یەکشەممەوە، لە شارۆچکەی قوسڕە لە نزیک نابلس، جووی هاوردە گەمارۆی چەند ماڵێکی فەلەستینییان داوە، کە یەکێکیان موڵکی هاووڵاتییەکی ئەمریکییە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، کە رێگەی خۆراک و پێداویستییەکانیان لێ بڕدراوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە شەوی رابردوو هێزەکانی رەوانەی ناوچەکە کردووە، دوو بنکەی نایاسایی جووی هاوردەی هەڵوەشاندووەتەوە و ئیسرائیلییەکی دەستگیر کردووە. سوپا ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانیان لەوێ دەمێننەوە بۆ "پاراستنی دانیشتووان و پاراستنی ئاسایش."
وێنە: ILIA YEFIMOVICH / AFP
"تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە خۆراک و پێداویستیمان بۆ بهێنێت، چونکە ناوچەکە بەتەواوی لەلایەن سوپاوە داخراوە."
— عائیشە حەسەن (دانیشتووی گەمارۆدراوی قوسڕە)شایەتحاڵەکان دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی سوپا چادر و بەتانییەکانی ئەو جووە هاوردانەی لابردووە، بەڵام ئەوان هێشتا لەسەر بەردەکانی گردێکی نزیک ناوچەکە ماونەتەوە.
عەبدولعەزیز وادی، سەرۆکی شارەوانیی قوسڕە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە سوپا لە هەشت ماڵ کشاوەتەوە کە پێشتر دەستی بەسەردا گرتبوون و "هەموو ئەو دانیشتووانەی کە دەرکرابوون، گەڕانەوە سەر ماڵەکانی خۆیان." سەرۆکی شارەوانییەکە گوتیشی، ئێوارەی پێنجشەممە جووی هاوردە هێشتا لە ناوچەکە بوون، تەنانەت لە نزیک ئەو ماڵانەش کە پێشتر گەمارۆیان دابوون. هێزەکانی سوپاش لە شارۆچکەکە ماونەتەوە و بە دانیشتووانیان گوتووە، تاوەکو رۆژی یەکشەممە لەوێ دەمێننەوە.
مایک هەکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، کە بۆ چەندین ساڵە پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی جووی هاوردەیە، ڕەخنەی تووندی گرت و هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
"هیچ پاساوێک بۆ ئەم رەفتارە چەتەئامێزانە نییە. ئەو کارانەی کە لەلایەن ئەنجامدەرانی تیرۆرە تۆقێنەرەوە کراون بۆ ترساندن و بێزارکردنی ئەم خێزانە، قێزەونن."
— مایک هەکابی (باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل)هەکابی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەختی کردەوە کە ئیسرائیل لەسەر داوای ئەمریکا، کە هاوپەیمانی سەرەکییەتی، دەستوەردانی لە کێشەکەدا کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی هەفتەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە تێیدا دەردەکەوێت هێزەکانی ئیسرائیل شانبەشانی جووی هاوردە نوێژ دەکەن، ئەمەش وایکرد سوپا رابگەیێنێت کە رێکاری پێویست لەم بارەیەوە دەگرێتەبەر.
"ئەم کارە تاوانکارییانەی جووی هاوردە، کە لەلایەن ئیسرائیلی هێزی داگیرکەرەوە پاڵپشتی دەکرێن یان بێدەنگییان لێ دەکرێت، وادەکەن ژیان بۆ ئەم خێزانە فەلەستینییانە ئەستەم بێت."
— نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانلەلایەکی دیکەوە، رۆژی پێنجشەممە نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کرد "دەستبەجێ" رێکار دژی ئەو جووانە بگرنەبەر. هەروەها ئەنیتا هیپەر، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش داوای لە ئیسرائیل کرد "هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژیی جووی هاوردە."
"شکست و لاوازی"
بەدواداچوونی سوپا بۆ جووی هاوردە لە هەمان ئەو رۆژەدایە کە ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیلی، لەنێویاندا یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری، ئاهەنگیان دەگێڕا بۆ دووبارە کردنەوەی بنکەیەکی نیشتەجێبوونی کۆن بەناوی گەنیم (Ganim) لە باکووری کەرتی رۆژئاوا.
وێنە: ZAIN JAAFAR / AFP
ئەم بنکەیە زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر هەڵوەشێندرابووەوە، ئەویش وەکو بەشێک لە پلانی حکومەتی ئەوکات بۆ کشانەوە و کەمکردنەوەی پێکدادانەکان، لە رێگەی جێهێشتنی ئەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆر فەلەستینییان تێدا دەژیا.
"لێرە، ئەمە خاکی ئیسرائیلە. لێرە، ئێمە بۆ هەمیشە دەمێنینەوە."
— یسرائیل کاتس (وەزیری بەرگریی ئیسرائیل)حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ئەم بنکەیە پێکرد، چونکە دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەم پاڵپشتیی لایەنگرە تووندڕەوە راستڕەوەکانی بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی کە راپرسییەکان دەریدەخەن کێبڕکێیەکی سەخت لە هەڵبژاردنەکەدا دەبێت.
وێنە: ILIA YEFIMOVICH / AFP
"لەبەرامبەر ئەو ئاژاوە و پێشێلکارییە تووندوتیژانەی کە کەمینەیەکی تووندڕەو دەیکەن، حکومەت فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیلی بەتەنیا جێهێشتووە بۆ ئەوەی شەڕ بکەن."
— گادی ئایزنکۆت (ڕکابەری نەتەنیاهوو)گادی ئایزنکۆت، کە وەک رکابەری سەرەکیی نەتەنیاهوو لە هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوتووە، رووداوەکانی قوسڕەی بە "دەربڕینێکی دیکەی مەترسیداری شکست و لاوازی"ی حکومەت ناوبرد.
وێنە: ILIA YEFIMOVICH / AFP
ئەو رەخنەیەی ئەمریکا لە گەمارۆدانی فەلەستینییەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە لەلایەن هەکابییەوە دەگوترێت؛ کە قەشەیەکی مەسیحیی ئینجیلییە و پێشتر پاڵپشتیی جووی هاوردەی لە کەرتی رۆژئاوا کردووە کە لە ساڵی 1967ـەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و پێشتریش بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی رەتکردووەتەوە.
لەوەتەی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر ئیسرائیل، تووندوتیژیی جووەکان دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
زیاتر لە 500 هەزار ئیسرائیلی لەنێو کۆمەڵگە نایاساییەکانی کەرتی رۆژئاوا دەژین کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت هەبن، ئەمەش لەنێو نزیکەی سێ ملیۆن فەلەستینیدا کە لەو ناوچەیە دەژین.



