رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە تووندی وەڵامی لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان دایەوە کە رایگەیاندبوو، ئەمریکا تەنگەی هورمزی کۆنترۆڵ کردووە. تاران دەڵێت، ئەو قسانە "بانگەشەی درۆ و بێبنەمان".
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئێرانە، رایگەیاند: "ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی ئەمریکا سەبارەت بە تێپەڕبوونی ئاسایی کەشتییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا لە درۆیەکی گەورە بەولاوە، هیچی دیکە نییە."
"تەنگەی هورمز وەک رابردوو، بەتەواوی لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و هیچ کەشتییەکی بازرگانی و نەوتهەڵگرێک نە ئێستا ناتوانێت و نە دواتریش هەرگیز ناتوانیت بە سەلامەتی بەم تەنگەیەدا تێپەڕێت بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و چاودێریی هێزە چەکدارە بەتواناکانی ئێران."
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئێران لە بەرامبەر گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی، "دەسەوەستان و بێهێزە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتن کۆنترۆڵی ئەو تەنگەیەی کردووە، کە لەوەتەی دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر، بەشێوەیەکی کردەیی لەلایەن تارانەوە داخراوە.
پۆستەکەی ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوەتیی تەنگەی هورمزی کردووە و پێموایە ئێمە ئەو کۆنترۆڵە دەپارێزین."
ترەمپ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو تەنگە گرنگە دەکات کە دەروازەیەکە بۆ هەناردەی وزە و گواستنەوەی کاڵاکان بۆ وڵاتانی کەنداو و عێراق. بەڵام ئێران لەلای خۆیەوە جەخت دەکاتەوە کە هەرگیز رێگە نادات جووڵەی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ئاوییەدا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
تاران مەرجی داناوە کە ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بە تەنگەکەدا تێپەڕن، دەبێت پێشوەختە مۆڵەتی لێ وەربگرن و رێڕەوێکی نزیک کەناراوەکانی ئێران بۆ تێپەڕبوون بەکاربهێنن. هەروەها دەیەوێت "باجی خزمەتگوزاری" بخاتە سەر جووڵەی کەشتیوانی، کە ئەمەش بە تووندی لەلایەن واشنتن و لایەنەکانی دیکەوە رەتکراوەتەوە.
وەڵامدەنەوەی بەرپرسانی دیکەی تاران
پێشتر لە رۆژی پێنجشەممەدا بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی وەڵامی لێدوانەکەی ترەمپی دابووەوە. حوسێن تەیب، کە ئەم هەفتەیە لەلایەن ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانەوە وەک فەرماندەی هێزەکانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران دەستنیشان کرا، لە لێدوانێکیدا کە تەلەڤیزیۆنی فەرمی گواستییەوە گوتی: "ئەمڕۆ دەبینن کە تەنگەی هورمز لەژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامیدایە، و وڵاتەکەمان لە ئەوپەڕی ئاسایشدا بەردەوامە لە رێگەکەی خۆی."
لە هەمان کاتدا، رۆژی پێنجشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا کە ئەمریکا هەڵسەنگاندنی هەڵە دەکات.
عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی شکستە هەواڵگرییەکانییەوە هەمیشە هەڵسەنگاندنی هەڵە دەکات. باشترین نموونەش: شەڕی سەر ئێرانە. ئێستاش، هەڵسەنگاندنێکی زۆر لەوە هەڵەتر دەکات سەبارەت بە تەنگەی هورمز."
لە مانگی نیساندا، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێکی ئاگربەست، کە دواتر لە نێوەڕاستی حوزەیراندا بە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەهێزتر کرا. بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە لە سەرەتای تەممووزدا و دوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا، هەرەسی هێنا.
لە کۆتایی مانگی رابردووەوە، هێرشەکان راگیراون. لە کاتێکدا ترەمپ باسی لە بەردەوامیی دانوستاندنەکانی کرد لەگەڵ ئێران، بەڵام تاران ئەو قسانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا لەگەڵ عومان دانوستاندن دەکات، ئەویش بۆ دیاریکردنی رێڕەوێک بۆ تێپەڕبوون بەنێو تەنگەی هورمزدا.



