رووداو دیجیتاڵ زیاتر لە 30 وڵات، لە نێویاندا فەرەنسا، بەریتانیا و کەنەدا، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن ئێرانەوە کرد و رایانگەیاند، کۆماری ئیسلامی بۆ "بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان" خۆپێشاندەران لەسێدارە دەدات. ئەو وڵاتانە، بە هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسی باڵای دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی لەسێدارەدانی بەردەوامی خۆپێشاندەران و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان"یان لەلایەن ئێرانەوە کرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان، ترساندنی کۆمەڵگە و سزادانی ئەو کەسانەی مافە مرۆییەکانی خۆیان پیادە دەکەن، هەرگیز پاساوی بۆ ناهێندرێتەوە. دەبێت گەلی ئێران ئازاد بێت لە پیادەکردنی مافەکانیان بۆ ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە بەبێ ترس." وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرەتا 26 وڵات و کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا راگەیێندراوەکەیان واژۆ کرد، "وڵاتانی دیکەش هاتنە پێش" و ژمارەی واژۆکاران گەیشتە 32 وڵات. ئوسترالیا، نیوزیلاند، ئایرلاند، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپی لە نێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە داوایان لە ئێران کرد "دەستبەجێ کۆتایی بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بهێنێت و سەرجەم ئەو کەسانە ئازاد بکات کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کراون." لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەکانی رەتکردەوە و لە ئێکس نووسی: "دەبێت وڵاتانی وەک فەرەنسا واز لە وانەگوتنەوە بە جیهان بهێنن لەبارەی 'مافەکانی مرۆڤ' و یاسای نێودەوڵەتییەوە. ئەم دووڕووییە زۆر روون و شەرمەزارکەرە." هەروەها نووسی: "پشتیوانیکردنتان لە کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و دەستدرێژییەکان بۆ سەر ئێران، هەر پێگەیەکی رەوشتیی لەناوبردووە کە پێتان وابوو هەتانە." راگەیێندراوە هاوبەشەکە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەڵکشانی لەسێدارەدانەکان لەم مانگانەی دواییدا، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم ساڵ خۆپێشاندانی دژی حکومەت سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. سەرەتای ئەم مانگە، ڤۆلکەر تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تاران سزای لەسێدارەدان بۆ "بڵاوکردنەوەی ترس" بەکاردەهێنێت. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 19ـی ئادارەوە لانیکەم 56 کەس بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی لەسێدارە دراون، کە 27 کەسیان پەیوەندییان بە خۆپێشاندانەکانەوە هەبووە. تورک هۆشداریی دا، زیاتر لە 100 کەسی دیکەش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆیان لە نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دانپێدانانی زۆرەملێ دەربڕیوە. لە کۆتایی کانوونی یەکەمی پار، بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کە سەرەتا بەهۆی بەرزیی تێچووی ژیانەوە سەریهەڵدا، بۆ خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی دژە حکومەت تەقییەوە. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تووندوتیژییەکانیان گەڕاندەوە بۆ "کردەوەی تیرۆریستی" بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل. لە کاتێکدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێران ئامارێکی زۆر بەرزتریان تۆمارکردووە و دەڵێن هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە. ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە هاوپێچ لەگەڵ راگەیێندراوەکەدا لە ئێکس نووسی: "حەوت مانگ دوای ئەو کۆمەڵکوژییانەی دژی گەلی ئێران کران کە بۆ داواکردنی دادپەروەری و کەرامەت راپەڕین، رژێم لە رێگەی ژمارەیەکی زیاتر لە لەسێدارەدان بەردەوامە لە خوێنڕشتن." ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا هێرشێکی هاوبەشیان کردە سەر ئێران و جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لێکەوتەوە، دەستگیرکردن و لەسێدارەدانەکان لەو وڵاتەدا کە پەیوەندییان بە جەنگ و خۆپێشاندانەکانەوە هەیە، چەند هێندە زیادیان کردووە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پار ئێران زیاتر لە 2,150 کەسی لەسێدارە داوە، بەمەش بە جیاوازییەکی زۆرەوە لە دوای چین دەبێتە دووەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان لە زۆریی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندا.