رووداو دیجیتاڵ سیناتۆرە دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوای روونکردنەوەیان کرد سەبارەت بە خراپیی بارودۆخی سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی چەندین راپۆرت لەسەر "کەمیی خۆراک، تێکچوونی سیستمی ئاوەڕۆ و قەیرانی تەندروستیی دەروونی" لە کاتی ئەم ئەرکە درێژخایەنە پێوانەییەی کەشتییەکەدا. رۆژی چوارشەممە 12-08-2026 سیناتۆر ریچارد بلومێنتاڵ لە نامەیەکدا بۆ پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، داوای لە هێزی دەریایی کرد بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەی سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە لەئەستۆ بگرێت، کە زیاتر لە 250 رۆژە لە ئەرکدایە و "زیاتر لە 200 رۆژە نەگەڕاوەتەوە کەناراوەکان، ئەمەش ریکۆردێکی نوێیە بۆ مانەوەی بەردەوام لەسەر دەریا." بلومێنتاڵ نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەو مانەوە درێژخایەنانە دەربڕی و ئاماژەی بە "راپۆرتە بەربڵاوەکان لەبارەی کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان، پیسبوونی ئاو، کێشەکانی سیستمی ئاوەڕۆ، تێکچوونی تەندروستیی دەروونی، مەترسییەکانی سەلامەتی لەسەر کەشتییەکە" و چەندین کێشەی دیکەی نێو کەشتیی لینکن کرد. لەلایەکی دیکەوە، سیناتۆر روبێن گالیگۆ لە ئێکس بڵاویکردەوە، داوای "سەردانێکی فەرمیی چاودێری دەکات بە یاوەریی شاندێکی هاوبەشی هەردوو پارتی کۆنگرێس بۆ نێو کەشتیی لینکن، بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆخە مەترسیدارانەی راگەیێندراون." کەشتیی ئەبراهام لینکن لە 21ـی تشرینی دووەمی 2025 بۆ راپەڕاندنی ئەرکێک لە دەریای باشووری چین، شاری سان دیێگۆی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا جێهێشت، بەڵام پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوبات، ئاراستەکەی بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕدرا. بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (MS NOW)، لە دوو کۆبوونەوەی ئەم دواییەدا، کەسوکاری سەربازەکان بەتووندی رووبەڕووی سەرکردایەتیی هێزی دەریایی بوونەتەوە سەبارەت بەو دۆخە سەختەی (لە نێویاندا کەمیی خۆراک) رووبەڕووی 5 هەزار دەریاوان و سەربازی هێزی دەریایی بووەتەوە لەسەر کەشتیی لینکن، هەروەها داوایان کردووە بزانن کەی رۆڵەکانیان دەگەڕێنەوە نیشتمان. هەندێک لە راپۆرتەکان باس لە "کێشەی سەختی تەندروستیی دەروونی و هەوڵی خۆکوشتن" دەکەن لەنێو کەشتییەکەدا. گالیگۆ، کە خۆی پێشتر سەرباز بووە نووسی: "چیرۆکی ئەو کارمەندانەی هەڕەشەی خۆفڕێدانە خوارەوە لە کەشتییەکە دەکەن، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی دۆخەکە چەندە خراپ بووە؛ گەرماوی کەڕوواوی، بڕانی ئاوی گەرم، کەمکردنەوەی ژەمەخۆراک و سابوون، تێکچوونی ئاودەستەکان، کارکردنی سەخت بۆ ماوەی 12 بۆ 16 کاژێر بەبێ هیچ رۆژێکی پشوو." هەروەها دەڵێ: "ئەو شێوازەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مامەڵەی پێ لەگەڵ سەربازەکانمان دەکات لە کاتێکدا ئەم جەنگە نایاساییە بەڕێوەدەبات، تەنیا قێزەون نییە، بەڵکو مەترسیداریشە."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست11-08-2026حکومەتی یەمەن: لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکان بۆسەر کەشتییەک لە دەریای سوور 4 کەس کوژران