رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێران، هێرش دەکەنە سەر ژێرخانەکان لە جیهاندا.
حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 11-08-2026، سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ و دروستبوونی هەڕەشەی نوێ بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند، "لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک دژی ئێران، سەتان هەزار کیلۆمەتر لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە، هەزاران وێستگە، تەواوی سیستمە ئەمریکییەکان و سیستمی دیکە و تەنانەت ژێرخانی جیهانیی بەستراوە بە ئینتەرنێتیش لەژێر هەڕەشەدا دەبن."
موحیبی سەبارەت بە دۆخی سەربازیی ناوچەکە رایگەیاند، "ئەمریکا پێش شەڕی 40 رۆژە، 30 بۆ 40 کەشتیی جەنگیی لە ناوچەکەدا هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنانەت یەک کەشتیی جەنگیی ئەمریکاش لە کەنداو نییە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، پاش ئەوەی ئەمریکا هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆسەر ئێران پاش 13 رۆژ و لە 27-07-2026 راگرت، هەوڵەکان لەلایەن نێوەندگیرەکان بۆ دانوستاندنەکان و گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامە و ئێران دەڵێت، "ئێستا هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە."

.jpg&w=3840&q=75)
