رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە بەرامبەر داواکارییەکانی تاران بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، واشنتن بەرامبەر کوژرانی سەربازانی ئەمریکی و سەدان هەزار خۆپێشاندەری بێتاوان داوای قەرەبوو لە ئێران دەکات، فەرمانیشیداوە ئەم مەرجە بخرێتە نێو سەرجەم دانوستاندنەکانی داهاتووەوە.
رۆژی دووشەممە 10-08-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە دەکەن کە لە پێنج مانگی رابردووی جەنگدا بەر وڵاتەکەیان کەوتووە.
ترەمپ دووپاتیکردەوە، هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بۆ ئەوە بووە کە "ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و روونیکردەوە، پێشتر لە هیچ کۆبوونەوە و دانوستاندنێکدا باسی قەرەبوو نەکراوە، بەڵام پێیوایە ئەمە "بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشە".
لە وەڵامی ئەو داواکارییەی تاراندا، ترەمپ داوای قەرەبووی لە ئێران کرد بەرامبەر "بەو کەسانەی بەهۆی بۆمبە چێنراوەکان و ململانێکانی قاسم سولەیمانییەوە کوژراون و بریندار بوون، هەروەها قوربانییانی هێرشەکەی سەر کەشتیی کۆل (USS Cole) و هەزاران سەربازی دیکە کە لە شەڕەکاندا کوژراون."
سەرۆکی ئەمریکا داواکارییەکانی فراوانتر کرد و گوتی، دەبێت قەرەبوو بدرێتە خێزانی ئەو "سەدان هەزار خۆپێشاندەرە بێتاوانەی لە 50 ساڵی رابردوودا لەلایەن ئێرانەوە کوژراون،" لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی ئەو 52 هەزار کەسەی تەنیا لە پێنج مانگی رابردوودا کوژراون. لە کۆتاییشدا گوتی، فەرمانی بە نوێنەرەکانی کردووە بە تووندی ئەم مەرجە بخەنە نێو سەرجەم دانوستاندنەکانی داهاتووەوە.
دەقی پەیامەکەی ترەمپ:
"دەبینم کە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای قەرەبوو دەکەن بۆ ئەو زیانانەی لێیان کەوتووە لە ماوەی ململانێ سەربازییەکەی پێنج مانگی رابردوودا (کە دەستیپێکرد چونکە، ئەوان نابێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی)، هەرچەندە ئەمە هەرگیز لە هیچ کام لە دانوستاندن و کۆبوونەوەکانماندا باسی لێوە نەکراوە! بەڵام بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشە چونکە ئێستا منیش بە هەمان شێوە داوای قەرەبوو لە ئێران دەکەم، بۆ هەموو ئەو کەسانەی کوشتوویانن و بەسەختی برینداریان کردوون بەهۆی بۆمبە چێنراوەکانیان و ململانێ زۆرەکانیانەوە، کە پێی بەناوبانگن، وەک ئەوەی لە سەرەتادا لەلایەن جەنەڕاڵ سولەیمانییەوە سەرکردایەتی دەکرا، لە نێویاندا خێزانی ئەو کەسانەی لە کەشتیی (USS Cole) کوژران و هەزاران کەسی دیکە کە لە شەڕدا کوژراون. سەرەڕای ئەوەش، دەبێت قەرەبوو بدرێتە خێزانی ئەو سەدان هەزار خۆپێشاندەرە بێتاوانەی کە ئێران لە 50 ساڵی رابردوودا کوشتوونی، بێجگە لەو 52,000 کەسەی کە لە پێنج مانگی رابردوودا کوژراون. فەرمانم بە نوێنەرەکانم کردووە ئەمە بە تووندی بخەنە نێو هەر دانوستاندنێک و سەرجەم دانوستاندنەکانی داهاتووەوە. سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."



.jpg&w=3840&q=75)