روداو دیجیتاڵ
هەریەک لە سعودیە، پاکستان و تورکیا لە شاری مەککە رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە وەک هاوپەیمانییەکی وڵاتانی سوننە و هاوپەیمانانی ئەمریکا دەبینرێت کە بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو نیگەرانن.
لە دوای هێرشەکانی 28ـی شوبات، گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بوون؛ ئێران و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو و رێگرییان لە هەناردەکردنی وزە کردووە. رێککەوتنە نوێیەکە ئامانجی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەیە و تێیدا هاتووە کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سەبارەت بە رێککەوتنەکە رایگەیاند، "ئامانج لە رێککەوتننامەکە بەهێزکردنی رێگریی بەکۆمەڵە لە دژی هەر دەستدرێژییەک" و ئاماژە بەوە دەکات، هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان سەیر دەکرێت."
بەرپرسێکی تورکیا لەبارەی رێککەوتنەکەوە بە رۆیتەرزی گوتووە: "ئەم رێککەوتنە بۆ مەبەستی بەرگرییە و دژی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نییە." ئەم سێ وڵاتە نیگەرانی خۆیان لە هەڵوێستە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئێران نیشانداوە، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵ دەدات رێگری لە تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان بکات.
تورکیا خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە، سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە و شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلامی لێیە، پاکستانیش تاکە وڵاتی موسڵمانە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە. لە مەککە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبوونەوە.
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ماوەی سێ ساڵە لەنێو ئاگری شەڕدایە. لەو ماوەیەدا حکومەتەکەی نەتەنیاهوو لە غەززە، لوبنان و سووریا شەڕی کردووە و هێرشی کردووەتە سەر ئێرانیش. لە بەرامبەردا تاران هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و ژێرخانە مەدەنییەکانی سعودیە، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئوردن.
رێککەوتنەکە دوای ساڵێک لە گفتوگۆ دێت. پێشتر هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وڵاتەکەی لایەنگری دروستکردنی پلاتفۆرمێکی ئەمنیی ناوچەییە بۆ سەقامگیری. پاکستان لە چوارچێوەی پەیوەندییە سەربازییەکانیدا، نزیکەی 8 هەزار سەرباز، فڕۆکەی جەنگی و درۆنی لە سعودیە جێگیر کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)

