رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە نزیکەکان لە حکومەت و سوپای سعودیە رایانگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، هەریەک لە سعودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددە رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەش واژۆ دەکەن.
سەرچاوەیەک بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی بە ئاژانسی ئەی ئێف پی گوت: "ئەم بابەتە ماوەیەکی درێژ بوو گفتوگۆی لەسەر دەکرا، بەڵام دوایین گرژییەکانی ناوچەکە وایکرد واژۆکردنی رێککەوتنەکە خێراتر بکرێت." سەرچاوەیەکی دیکەش لە حکومەتی سعودیە پشتڕاستی کردەوە کە ئەمڕۆ هەینی رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ دەکرێت.
بڕیارە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە شاری جەددە پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بکات. شەهباز شەریف و عاسیم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان، رۆژی پێنجشەممە گەیشتنە سعودیە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ ئەردۆغانیش بگاتە ئەو وڵاتە.
تاهیر ئەندرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەم سەردانە گرنگییەکی یەکجار زۆری دەبێت کە لە قەیرانی هەنووکەیی و رەچاوکردنی کورتخایەن تێدەپەڕێت.
ئەم سێ وڵاتە چەندین مانگە بوونەتە جێگەی سەرنجی ناوەندە سیاسییەکان دەربارەی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی. پاکستان لە ماوەی رابردوودا هەوڵی نێوەندگیریی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئێران، لە کاتێکدا تورکیا رۆڵی بینیوە لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
سعودیە و پاکستان پێشتریش لە ساڵی 2025 رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان راگەیاندبوو.
.jpg&w=3840&q=75)


