رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی رێبەری ئێران دەڵێت، رێگە بە هەبوونی رێڕەوی دووەم لە تەنگەی هورمز نادەن؛ راشیگەیاند، ئەگەر گەمارۆی سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی هەڵنەگیرێ، ''کەشتی و هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی مەترسی و زیانی گیانیی جدی دەبنەوە''.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 07-08-2026، میدیای ئێران پەیامێکی هەڕەشەئامێزی موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری وڵاتەکەیان بۆ کاروباری سەربازی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: ''پێویستە ئەمریکا هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت. ئەگەر نا، دان بە خۆماندا ناگرین''.
لە بەشێکی پەیامەکەی دا، موحسین رەزایی ئاماژەی بە دۆخی تەنگەی هورمز کرد و گوتی: ''ئەگەر گەمارۆکان بەردەوام بن، کەشتی و هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی مەترسی و زیانی گیانیی جدی دەبنەوە''.
هەرچەندە گفتوگۆکانی تاران و مەسقەت بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بەردەوامن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاندووە رێککەوتن بۆ ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان بە رێڕەوە ئاوییەکە نزیکە، موحسین رەزایی دەڵێت، ''بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین رێڕەوی دووەم لە تەنگەی هورمز بکرێتەوە.''
تەنگەی هورمز کە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرابووەوە، لەدوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات، جارێکی دیکە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە.
بەرپرسانی ئێرانی گفتوگۆکانی نێوان تاران و مەسقەت لەبارەی تەنگەی هورمز بە ''ئەرێنی و بەرهەمدار'' دەزانن و دەڵێن، پێشکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە.
رەنگە لێکتێگەیشتنێکی نێوان ئێران و عومان بۆ میکانیزمی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز کە ئێستا چەقی ململانێکانە، کاریگەریی لەسەر راگرتنی جەنگ، چارەنووسی دانوستاندن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتنیش هەبێت.


