رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئێران دەڵێت نزیکە لە رێککەوتنێک سەبارەت بە تەنگەی هورمز، لە بەرەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شەڕ و پێکدادان دەستیان پێکردووەتەوە. لە کوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی لە لوبنانەوە، تاوەکو هێرشێکی گەورەی حووسییەکان لە یەمەن. لێرەدا پوختەی گرنگترین رووداوەکانی رۆژی پێنجشەممە دەخەینەڕوو:
ئێران و عومان نزیکن لە رێککەوتن
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە رێککەوتنیان لەگەڵ عومان سەبارەت بە تەنگەی هورمز لە "قۆناخی کۆتایی"دایە و بەم زووانە راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە، ئەگەر بێتو "هەندێک لایەن رێگری نەکەن" کە مەبەستی ئەمریکا بوو.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم رێککەوتنە پەیوەست بێت بە هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران. بەرپرسێکی ئەمریکیش بە ئاژانسی ئەسۆشتیەتد پرێسی گوتووە، ئەگەر رێڕەوی کاتی لە تەنگەکەدا بکرێتەوە، هیچ باج و کرێیەکی تێدا وەرناگیرێت.
بەپێی ئامارە دەریاییەکان، لە هەفتەی رابردوودا 84 کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، کە ئەمە باشترە لە هەفتەی پێشتر کە تەنیا 45 کەشتی بوو، بەڵام هێشتا زۆر کەمترە لە کاتی پێش شەڕەکە کە هەفتانە زیاتر لە 700 کەشتی پێیدا تێدەپەڕین.
لە لوبنان دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە باشووری لوبنان، 2 سەربازیان کوژراون و 4ی دیکەش بەسەختی بریندار بوون. ئەمە یەکەمین زیانی گیانیی ئیسرائیلە لەوەتەی مانگی حوزەیرانەوە کە ئاگربەستێکی ناسک لەگەڵ حیزبوڵڵا راگەیێندراوە.
ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە بۆردوومانی باشووری لوبنانی کرد و داوای لە خەڵکی گوندێکیش کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن. ئەم گرژییانە لە کاتێکدان کە دانوستاندنکارانی لوبنان و ئیسرائیل لە رۆما کۆبوونەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر کشانەوەی ئیسرائیل لە بەرامبەر چەککردنی حیزبوڵڵا.
حووسییەکان 58 سەربازی یەمەنییان کوشت
لە یەمەن، حووسییەکان لە دوو پارێزگای جیاواز هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکومەت و لانیکەم 58 سەربازیان کوشت و 50ـی دیکەشیان بریندار کرد. ئەمەش گەورەترین پێشێلکارییە لەوەتەی ساڵی 2022ـەوە کە ئاگربەست شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەی راگرتبوو.
ئۆگەندا هێز دەنێرێتە غەززە
پەرلەمانی ئۆگەندا رەزامەندیی دا لەسەر ناردنی سەرباز بۆ غەززە وەک بەشێک لە "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی". ئەم هێزە کە بڕیارە لە 20 هەزار سەرباز پێکبێت، لەلایەن ترەمپەوە بۆ پاراستنی ئاشتی لە غەززە پێشنیاز کراوە، بەڵام هێشتا دروست نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە نەتەنیاهوو دەڵێت تاوەکو حەماس بەتەواوی چەک نەکرێت، لە غەززە ناکشێنەوە.
ئیسرائیل هاووڵاتییەکی خۆی دادگایی دەکات
داواکاری گشتیی ئیسرائیل تۆمەتی ئاراستەی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیی دانیشتووی کۆمەڵگە جوونشینەکان کرد بەهۆی کوشتنی عەودە هازالین، چالاکڤان و سەرکردەیەکی دیاری فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا لە ساڵی 2025. ئەمە رووداوێکی زۆر دەگمەنە کە ئیسرائیل هاووڵاتییەکی خۆی بەهۆی کوشتنی فەلەستینییەکەوە دادگایی بکات.
عێراق هەڕەشە لە گرووپە چەکدارەکان دەکات
حکومەتی عێراق هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند: دوای 30ی ئەیلوول هەر گرووپێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چەکی بەدەستەوە بێت، بەپێی "یاسای دژە تیرۆر" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەڵام چەند گرووپێکی نزیک لە ئێران رەتیانکردووەتەوە چەکەکانیان رادەست بکەن.
هەفتەی رابردوو ئەمریکا و سعودیە بۆردوومانی چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبییان لە عێراق کرد، دوای ئەوەی سعودیە ئەو گرووپانەی بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی تۆمەتبار کرد.



