رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە 19ی ئادارەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 56 کەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ئاسایشی نیشتمانی" لە سێدارە دراون، کە 27یان پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵەوە هەبووە.
تورک لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا و گوتی: "بەهۆی زیادبوونی رێژەی لە سێدارەدان و دەرکردنی سزای مردن لە ئێران لە مانگی ئادارەوە، تووشی شۆک بووم. سزای لەسێدارەدان بەردەوام وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس لەناو خەڵک و کپکردنەوەی دەنگی نەیاران بەکاردەهێنرێت."
لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، ئێران رووبەڕووی تووندترین شەپۆلی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی بووەوە لە چەند دەیەی رابردوودا، کە تێیدا بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە هەزاران کەسیان کوشت. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، تاران لە کاتی جەنگیشدا کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە بەردەوام بووە لە سەرکوتکردنی نەیارانی.
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا زیاتر لە 100 کەسی دیکە لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندان بە تۆمەتی ئەمنی، هاوکات لەسێدارەدان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بە رێژەیەکی "مەترسیدار" بەردەوامە.
ڤۆڵکەر تورک داوای لە تاران کرد دەستبەجێ هەموو لەسێدارەدانەکان رابگرێت و بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای لەسێدارەدان هەنگاو بنێت؛ هەروەها رەخنەی لە نەبوونی دادگایی دادپەروەرانە و پێشێلکردنی رێکارە یاساییەکان گرت.
تاوەکو ئێستا نێردەی دیپلۆماسیی ئێران لە جنێڤ هیچ وەڵامێکی بۆ ئەم راپۆرتە نەبووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران هەمیشە بەرگرییان لە سیستەمی دادوەریی وڵاتەکەیان کردووە و سزای لەسێدارەدانیان بە پاراستنی ئاسایشی وڵات بەستووەتەوە.
"دەبێت ئێران کۆتایی بە چەوساندنەوە و لەسێدارەدانی کورد و بەلوچەکان بهێنێت"
کۆمەڵێک شارەزای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی پێنجشەممە 6ی ئابی 2026، هۆشدارییان دایە حکومەتی ئێران و داوایان کرد دەستبەجێ کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی کەمینە نەتەوەییەکان بهێنێت.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئەو شارەزایانە ئاماژەیان بەوە کردووە، کەمینە کورد و بەلوچەکان لە ئێران "بە شێوەیەکی دیاریکراو" رووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە دەبنەوە. شارەزایان جەختیان کردەوە کە "پێویستە کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران بتوانن بە سەلامەتی و کەرامەتەوە بژین و لە هەموو جۆرە جیاکارییەک پارێزراو بن."
زیادبوونی گوشارەکان دوای خۆپیشاندان و جەنگ
بەگوێرەی راپۆرتی ئەم شارەزایانە، لە دوای خۆپیشاندانەکانی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو کە بەهۆی گرانیی بژێوییەوە سەریهەڵدا و دواتر بوو بە ناڕەزایەتی سیاسی، دەسەڵاتدارانی ئێران هەزاران کەسیان دەستگیر کردووە.
راپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونێکی مەترسیداری دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و دەرکردنی سزای قورس دەکەن، بەتایبەت بە تۆمەتی "ئاسایشی نیشتمانی" کە زۆرجار دژی چالاکڤانانی کورد و بەلوچ بەکاردەهێنرێن.
بە گوێرەی ئەو شارەزایانە، ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو و هەڵگیرسانی جەنگی ناوچەیی، دەستگیرکردن و لەسێدارەدان لەناوخۆی ئێران چەند هێندە زیادی کردووە. تاران ئەو تونودوتیژییانە دەخاتە ئەستۆی "کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل."
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، پار ئێران دوو هەزار و 150 کەسی لەسێدارە داوە، بەوەش دوای چین بە دووەم وڵات دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان لە رووی زۆریی ژمارەی لەسێدارەدان.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا، لانیکەم 24 بەلووچ و 22 کورد لەسێدارە دراون، ژمارەیەکیشیان مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە.
هەڕەشە لە دەرەوەی سنوورەکان
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بە ئامانجگرتنی کەمینەکان تەنیا لە ناوخۆی ئێراندا نییە، بەڵکو دەسەڵاتدارانی ئێران کەمپەینی هەڕەشە و چاودێریکردنیان دژی ئەو کەسانەش دەستپێکردووە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.
ئەو شارەزایانەی واژۆیان لەسەر ئەم داواکارییە کردووە بریتین لە "مای ساتۆ"، راپۆرتەری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەگەڵ راپۆرتەرە تایبەتەکانی بواری ئازادیی ئایین، کەمینەکان و سەربەخۆیی دادوەری.
راپۆرتەرە تایبەتەکان شارەزای سەربەخۆن و راستەوخۆ بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قسە ناکەن، بەڵکو لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤەوە رادەسپێردرێن.


