رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان کەرەستەی سەربازیی نوێیان پێگەیشتووە. دەشڵێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لە ئامادەیی تەواودان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-08-2026، محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران (ئەرتەش) قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، بە پشتبەستن بە توانای نێوخۆیی، لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا لەوپەڕی ئامادەییدان.
محەممەد ئەکرەمی نیا بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی گەیاندنی کەرەستەکان گوتی، سەرجەم یەکەکانیان کەرەستەی نوێی سەربازییان پێگەیشتووە و بەراورد بە رابردوو، ئاستی توانای سەربازییان بەرز بووەتەوە.
گوتەبێژی سوپای ئێران ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم ئەو کەرەستە سەربازییانەش نۆژەنکراونەتەوە یان گۆڕدراون کە لە جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا زیانیان بەرکەوتبوو یان لەنێوچووبوون.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران ئاماژەی بەوەکرد، ئێران ویستوویەتی دانوستاندن بکات و ئێستاش ئەوە دەکەن، کە پێدەچێت بەباشی بەڕێوەبچێت. ترەمپ دەڵێ: "ئەوان تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان تکایە هێرش مەکە و با قسە بکەین، چونکە نەیاندەویست رووبەڕووی گەورەترین هێرش ببنەوە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە."



