رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران دەڵێت، سەرجەم سنوورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزراون. دەشڵێت: ''سەرەڕای ویستی دووژمن بۆ تێکدانی ئاسایشی سنە، سەقامگیری لەو ناوچەیە بەردەوامە.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-08-2026، عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "بە سووربوونی هەموو هێزە چەکدارەکان و پاسەوانی سنوور، بە درێژایی هەشت هەزار و 750 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێ، ئاسایش و سەقامگیری بەردەوامە."
عەلی ئەکبەر جاویدان ئاماژەی بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی، سەرەڕای ویستی کۆنی ''دووژمن'' بۆ تێکدانی ئەو ناوچەیە، ''نەیتوانیوە ئەو ئامانجانە بپێکێت کە لەوێ هەیبووە.''
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە، جیا لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە سنووری پارێزگای سنە چەندین تێکهەڵچوون لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکداری نەناسراو روویداوە. فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران گوتی: ''لەوانەیە هەندێک هەراسانکردن یان هەنگاوی بچووک و کاتی هەبووبێت، بەڵام ئەمانە کارێکی کوێرانە و ترسنۆکانەن و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.''
عەلی ئەکبەر جاویدان هۆشداری دەدات، ''تاوەکو هێزە چەکدارەکانی ئێران و پاسەوای سنوور هەبن، رێگە بە دەستدرێژی بۆ سەر سنوورەکان و نائارامیی نێوخۆیی نادەین.''
ئێران نزیکەی 5500 کیلۆمەتر سنووری وشکانیی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا، تورکمانستان، ئەفغانستان، ئازەربایجان و ئەرمینیا هەیە.
هەروەها نزیکەی 2900 کیلۆمەتر سنووری ئاویشی لەگەڵ حەوت وڵاتی رووسیا، کازاخستان، کوێت، سعودیە، قەتەر، ئیمارات و عومان هەیە.



