رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، ئەندامێکیان کە لە هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خاڵی پشکنینی پۆلیسدا بریندار ببوو، گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی ئابی 2026، ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا کوژرانی یەکێک لە ئەندامەکانی راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەو پۆلیسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی نووروڵڵا نارۆیی و ئەندامی یەکەی فەرماندەیی پۆلیسی باشووری پارێزگاکە بووە و چەند رۆژ پێش ئێستا لە هێرشێکی چەکداریدا لە باشووری پارێزگاکە بە سەختی بریندار ببوو."
لە 30ی تەممووزی 2026، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، لە رێگەی شارەکانی ئیرانشەهر-دڵگان لە باشووری پارێزگاکە، چەند کەسێکی چەکدار لە نێو سێ ئۆتۆمبێلدا تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی پۆلیس کردووە و لە ئەنجامدا پۆلیسێک بە ناوی مەیسەم کەرەمی کوژراوە و چەند پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانە و دەکەوێتە سنووری پاکستان، زۆرینەی دانیشتوانەکەی بەلووچ و سوننەن. لەم ساڵانەی دواییدا لەو پارێزگایەدا چەندین هێرشی چەکداری لە دژی هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کراون.
گرووپی "جەیشولعەدل" کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکی دەکات، ناوەناوە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگا ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان.



