رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان بە تووندی بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئاشکراشی کرد کە لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئەمڕۆ ئاراستەی 44 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و رێگرییان لێکردوون بگەنە ئامانجەکانیان. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرماندەییەکە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی گەمارۆکە. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە جگە لە گۆڕینی ئاراستەی ئەو 44 کەشتییە، توانراوە دوو کەشتیی دیکەی بازرگانی پەکبخرێن و رێگریی تەواوەتییان لێ بکرێت لە جووڵە. هەروەها لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا چوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکە و پشکنینی وردیان بۆ کردوون؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگری لە گەیشتنی هەر جۆرە بارێکی قەدەخەکراو یان نایاسایی بۆ بەندەرەکانی ئێران. ئەمریکا هەوڵ دەدات لە رێگەی گوشاری دارایی و دەریاییەوە، ئێران ناچار بکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و واز لە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بهێنێت. هەر لە بارەی تەنگەی هورمزەوە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی لە ترووس سۆشیال رایگەیاند "ئێران قسەی بێمانا دەکات گوایە تەنگەکە لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە کاتێکدا تەنگەکە بەتەواوی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکا و گەمارۆکانیانەوە کۆنترۆڵ کراوە کە هەندێک بە دیواری پۆڵاینی ئەمریکا ناوی دەبەن." ترەمپ دەڵێت: "هیچ شتێک ناچێتە ئێرانەوە مەگەر ئەمریکا بیەوێت، هیچ شتێکیش تێناپەڕێت تاوەکو رێککەوتنێک یان خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی روونەدات."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026ئەحمەد شەرع: پشتیوانی و میوانداریی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا بەرز دەنرخێنین