رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی تووندی کردە سەر سەرکردایەتیی ئێران و بە "دووڕوو" وەسفی کردن، ئاماژەی بەوەش کرد، تاران لەلایەک داوای کۆبوونەوە دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە لە راگەیاندنەکانەوە رەتیدەکاتەوە هیچ گفتوگۆیەک لە ئارادا بێت. رۆژی دووشەممە 03-08-2026، ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، "سەرکردایەتیی ئێران بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو دووڕوون، چونکە داوای کۆبوونەوە دەکەن و تەنانەت هەندێک دەڵێن، دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان دەستپێبکەن و خشتەی کۆبوونەوەی زیاتریش بۆ داهاتوویەکی نزیک دانراوە، کەچی بە ئاشکرا دەڵێن هیچ گفتوگۆیەک نییە و تەنیا مامەڵە لەگەڵ عومان دەکەن." سەبارەت بە تەنگەی هورمز، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێران قسەی بێمانا دەکات گوایە تەنگەکە لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە کاتێکدا تەنگەکە بەتەواوی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکا و گەمارۆکانیانەوە کۆنترۆڵ کراوە کە هەندێک بە دیواری پۆڵاینی ئەمریکا ناوی دەبەن." ترەمپ نووسی: "هیچ شتێک ناچێتە ئێرانەوە مەگەر ئەمریکا بیەوێت، هیچ شتێکیش تێناپەڕێت تاوەکو رێککەوتنێک یان خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی روونەدات." سەرۆکی ئەمریکا گوتی، چ ئێران دان بەوەدا بنێت یان نا، ئەوان لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک کە تاران بۆ دەیان ساڵە دروستی کردووە، لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "رێککەوتنێک لەسەر تەنگەی هورمز هەیە و رێککەوتنێکیش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە دەبێت." پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو بەنیازبووە هێرش بکاتە سەر ئێران و دواتر لەسەر داوای هاوپەیمانان رایگرتووە. ترەمپ ئەمەی بۆ رۆژنامەڤانەکان دووپات کردەوە و گوتی، لەسەر داوای هەریەک لە سعودیە، ئیمارات، قەتەر و خودی ئێران، هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندەوە. ترەمپ لەبارەی گەورەیی هێرشەکەوە گوتی: "هێرشەکە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، دەبووە گەورەترین هێرش. کارەساتبار دەبوو بۆیان، بۆیە نەیانویست هێرش بکەین."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026ئەحمەد شەرع: پشتیوانی و میوانداریی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا بەرز دەنرخێنین