رووداو دیجیتاڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی تەنگەی هورمز و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 02-08-2026، هەردوو وەزیر لەو پەیوەندییەدا باسیان لە کاریگەرییەکانی رووداوەکانی دوو رۆژی رابردووی تەنگەی هورمز لەسەر ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ رێڕۆی گفتوگۆ و دیپلۆماسی وەک باشترین رێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەربڕی، بە جۆرێک کە بەشداری بکات لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. هاوکات هەردوو وەزیر باسیان لەو هێرشە سەربازییانەی دوایی کرد کە کرانە سەر عێراق، هەروەها جەختیان لە گرنگیی خۆبەدوورگرتن لە هەر هەنگاوێک کردەوە کە ببێتە هۆی زیاتربوونی گرژییەکانی ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران دوایین پێشهاتەکانی دۆخەکەی خستەڕوو، هاوتا عێراقییەکەی لەو هەوڵ و گفتوگۆیانە ئاگادارکردەوە کە ئێستا بەڕێوەدەچن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بەمەبەستی دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز و دڵنیابوون لە هاتوچۆی ئاسایی دەریایی. فوئاد حوسێن دووپاتی کردەوەم عێراق بە وردی چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و هیوادارە بە زووترین کات لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەی تەنگەکە بکرێت، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و ئابووریی جیهان بپارێزرێت. هەروەها باسی لە بەردەوامیی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە کرد.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026ترەمپ: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەن و رێککەوتن لەسەر تەنگەی هورمز هەیە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-08-2026لێدوانە دژبەیەکەکانی ترەمپ لەسەر جەنگی ئێران؛ لە هەڕەشەی وێرانکردنەوە بۆ راگرتنی هێرشەکان