رووداو - هەولێر چەند سەرچاوەیەک بە میدیای ئیسرائیلیان گوتووە، نێوەندگیرییەک لە ئارادایە بۆ گەڕاندنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی مانگی رابردوویان کە بریتییە لە ئاگربەستێکی 60 رۆژە. چەند سەرچاوەیەک رۆژی یەکشەممە 02-08-2026 قسەیان بۆ باراک راڤید، پەیامنێری کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی کردووە و گوتوویانە، ئامانج لەم رێککەوتنە نوێیە کردنەوەی تەنگەی هورمزە بۆ ماوەی 60 رۆژ بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە کرێ و باجێک لە کەشتییەکان، هاوکات نوێکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەردوو لایەنەکەیە. یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی رابردوو کاتێک هەڵوەشایەوە کە ناکۆکی لەسەر مافی دەسەڵات بەسەر تەنگەی هورمزدا دروستبوو؛ لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی دەکردەوە، دەبێت تەنگەکە بەتەواوی کراوە بێت، تاران پێیوابوو بەپێی لێکتێگەیشتنەکە مافی ئەوەی هەیە رێڕۆی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە هورمز دیار بکات. لەلایەکی دیکەوە، پێش بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دانوستاندنەکانی ئێران و عومان لەبارەی تەنگەی هورمز و شێوازی بەڕێوەبردنی، بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان." ئەمە لە کاتێکدایە، ترەمپ رایگەیاند، بەنیاز بووە هێرش بکاتە سەر ئێران بەڵام رایگرتووە. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، "سوپای ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەییدایە و هێزێکی سەربازیی وای هەیە کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هاوشێوەی نەبووە، بەڵام بڕیاریداوە هێرشەکە رابگرێت." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داوای لێکراوە هێرشەکە رابگرێت تاوەکو دەرفەت بۆ رێککەوتن بڕەخسێت. ترەمپ دەربارەی ئەگەری ئەو رێککەوتنە گوتی: "دەبێت رێککەوتنەکە کردنەوەی دەستەجێ، تەواوەتی و هەمیشەیی تەنگەی هورمز لەخۆبگرێت، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران." هەروەها رایگەیاند، ئیسرائیلیش لەم بڕیارەدا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕایە. پێشتر میدیاکانی ئەمریکا، لەوانەش (سی بی ئێس)، بڵاویانکردبووەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەبووە لەم هەفتەیەدا هێرشێکی هاوبەش بکەنە سەر پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبای ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی لێدانی "زۆر تووندی" لە تاران کردبوو. هاوکات ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) بڵاویکردەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنیشینی سعودیە، رۆژی شەممە پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردووە و نیگەرانیی خۆی لەبارەی زیادبوونی گرژییەکان دەربڕیوە و داوای لێکردووە هێرشەکە نەکات.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026عێراقچی و فوئاد حوسێن تاوتوێی رەوشی تەنگەی هورمز و هێورکردنەوەی ناوچەکەیان کرد
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست03-08-2026ترەمپ: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەن و رێککەوتن لەسەر تەنگەی هورمز هەیە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-08-2026لێدوانە دژبەیەکەکانی ترەمپ لەسەر جەنگی ئێران؛ لە هەڕەشەی وێرانکردنەوە بۆ راگرتنی هێرشەکان