رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو بانگەشانەی حکومەتی ئێرانی رەتکردەوە کە دەڵێن، تەنگەی هورمزی داخستووە؛ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە و ئێران کۆنترۆڵی نەکردووە.
سێنتکۆم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ئەوەی ئێران دەیڵێت، "بانگەشەیەکی درۆی دووبارە"یە؛ هەروەها دەڵێت: "حکومەتی ئێران جارێکی دیکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنگەی هورمزی داخستووە. ئەمە راست نییە. تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بە کراوەیی ماوەتەوە. ئێران کۆنترۆڵی ناکات. لە چوار مانگی رابردوودا هەزاران کەشتی بەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا تێپەڕیون."
تەنگەی هورمز، کە لە کاتی ئاشتیدا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیان پێکرد، بووەتە خاڵی سەرەکیی گرژییەکان. هەرچەندە رێککەوتنێکی کاتی بۆ ماوەیەکی کورت دۆخەکەی باشتر کرد، بەڵام دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکدی، داواکارییەکانی ئێران بۆ وەرگرتنی مۆڵەت یان باج، هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هەبوونی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە، وایانکردووە هاتووچۆی کەشتییەکان زۆر کەمتر بێت لە ئاستی ئاسایی خۆی.
ئامارەکانی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز
سەرچاوە: کۆمپانیای کەیپلەر بۆ زانیارییە دەریاییەکانلە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە تەممووزدا
کەشتییەکان ئەو رێڕەوە بەکاردێنن کە ئێران دیاری کردووە
تێکڕای هاتووچۆ لە دوای جەنگ (پێشتر 130 بووە)
تێپەڕبوونی پشتڕاستکراوە تا نێوەڕاستی حوزەیران
دابەزینی 70٪ی هاتووچۆی کەشتییەکان
داتاکانی کۆمپانیای کەیپلەر بۆ زانیارییە دەریاییەکان، بەردەوامبوونی هاتووچۆ و لە هەمان کاتیشدا کۆتوبەندە تووندەکانی سەر کەشتییەوانی نیشان دەدەن. لە ماوەی ئاگربەستە کاتییەکەدا کە لە سەرەتای حوزەیرانەوە بۆ سەرەتای تەممووز بوو، کۆمپانیاکە رۆژانە تێپەڕبوونی تێکڕای نزیکەی 45 کەشتی لە تەنگەکەدا تۆمارکرد.
بەڵام دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ لە مانگی تەممووزدا، ئەو رێژەیە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی بۆ نزیکەی 13 کەشتی لە رۆژێکدا، کە دەکاتە دابەزینێک بە رێژەی نزیکەی 70٪. ئامارەکانی رۆژانە ناسەقامگیریی دۆخەکە روون دەکەنەوە: کۆمپانیای کەیپلەر لە 21ـی تەممووزدا تەنیا 9 کەشتی و لە رۆژی دواتریشدا تەنیا 15 کەشتیی تۆمارکردووە. لەنێوان 24 بۆ 26ـی تەممووزدا، تەنیا 29 کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون. رۆژی 28ـی تەممووزیش، تەنیا پێنج کەشتیی بارهەڵگری کاڵا تێپەڕیون.
کەشتییەکان لە رێڕەوەکانی ئێرانەوە تێدەپەڕن
بەپێی شیکارییەکانی کەیپلەر، ئەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن، زۆرتر ئەو رێڕەوانە بەکاردەهێنن کە ئێران دیاریکردوون یان پێی باشن. لە نێوەڕاست و کۆتایی تەممووزدا، نزیکەی 90٪ـی کەشتییەکان لەبری بەکارهێنانی رێڕەوەکانی عومان یان رێڕەوە فەرمییەکەی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی، ئەو رێڕەوەیان بەکارهێناوە کە ئێران بە تەنیا خۆی دیاریکردووە.
ئامارەکانی پێشووتری کۆمپانیاکە دەریدەخەن، لە 1ی ئادارەوە بۆ 19ی ئایار، کەیپلەر تێپەڕبوونی 895 کەشتی تۆمارکردووە. تاوەکو نێوەڕاستی حوزەیرانیش، ژمارەکە گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 400 کەشتی. ئەم ئامارانە زۆر کەمترن لە ئاستی پێش جەنگەکە کە رۆژانە نزیکەی 130 کەشتی یان زیاتر بوو، بەڵام پشتڕاستی دەکەنەوە کە هاتووچۆی بازرگانی، لەنێویاندا کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگرەکانی دیکە، هەرگیز بەتەواوی نەوەستاوە.


