رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەیان فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل تاوەکو نزیک سنوورەکانی ئێران رۆیشتوون، ئەوەش لە چوارچێوەی مانۆڕێکی سەربازی بۆ پێشاندانی هێز و بەرپەرچدانەوەی تاران پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسرائیل.
میدیای ئەمریکی ئاشکرای کردووە، ئەم جوڵەیە سەربازییە لە مەودای زیاتر لە هەزار و 300 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە کراوە، هەفتەیەک پێش وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلە کە بڕیارە 27ــی ئەو مانگە بکرێ، هاوکاتیشە لەگەڵ سەردانەکەی پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ بنکەی ئاسمانیی عۆڤدا لە ئیسرائیل و کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە؛ هەرچەندە بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە فڕینی فڕۆکەکان راستەوخۆ پەیوەندیی بە سەردانەکەی هێگسەسەوە نەبووە.
فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان بە یاوەریی فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی بووە و بە هەمان ئەو رێڕەوە ئاسمانییەدا رۆیشتوون بۆ لێدانی ئێران بەکاردەهات، بە جۆرێک بەسەر ئاسمانی سووریا و عێراقدا تێپەڕیون، بەڵام کاتێک گەیشتوونەتە نزیک سنووری ئێران، سووڕاونەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ ئیسرائیل.
بە گوێرەی بەرپرسە ئەمریکییەکان، ئیسرائیلییەکان دەیانزانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران شوێنپێی ئەو فڕۆکانە هەڵدەگرێت، هاوکات ئیسرائیل پێشوەختە واشنتنی لە مانۆڕەکە ئاگادار کردبووەوە.
هەندێک لە سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو هەستەیان لا دروستبووە لەوانەیە ئیسرائیل هیوای ئەوەی خواستبێت هێزەکانی ئێران تەقە لە فڕۆکەکان بکەن تاوەکو ببێتە پاساوێک بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی دژ بە تاران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کردبوو لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا نەتەنیاهوو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەیان دژ بە ئێران کردووە پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل هۆشداریی دابووە جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا کە دەستپێکردنەوەی شەڕ لەم قۆناخەدا دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، بەو پێیەی ئێران بە دڵنیاییەوە وەڵام دەداتەوە. هەرچەندە سەرەتا ترەمپ ئارەزووی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی هەبوو، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە و پێشنیازەکەی نەتەنیاهووی رەتکردەوە. بەرپرسێکی ئیسرائیلیش دووپاتی کردەوە کە زامیر رێگە بە هیچ جووڵەیەکی سەربازیی بێ پاساو نادات کە هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەم پەکبخات.
لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی سوپا، بنیامین نەتەنیاهوو هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و رایگەیاند موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بڕیاریداوە شوێنپێی باوکی هەڵبگرێت و ڕێگەی بە زانایانی ئێرانی داوە بەردەوام بن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە: "ئێران جارێکی دیکە هەوڵدەدات بۆمبی مەرگ پەرەپێبدات؛ هەربۆیە تەنیا یەک رێگە هەیە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی ئەم هەڕەشەیە، ئەویش بریتییە لە رووخاندنی رژێمی ئێران، ئەمەش ئەو فەرمان و رێنماییەیە کە من بە سوپای ئیسرائیل، دەزگای مۆساد و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانم داوە."


