رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، حووسییەکانی یەمەن لە خاکی عێراقەوە و بە هاوئاهەنگی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سعودیە و هاوپەیمانەکانی، ئەم هێرشانە دەریدەخەن کە ئەندامانی بەرەی مقاوەمەی سەر بە ئێران پەیوەندییەکانیان قووڵتر کردووەتەوە و دەتوانن پێکەوە گورز لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بووەشێنن، ئەوەش سەرەڕای ئەو هێرشە قورسانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلـەوە لە لوبنانەوە تاوەکو ئێران کراونەتە سەريان.
هێرشەکانی ئەم هەفتەیە دامەزراوە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سعودیەیان کردە ئامانج، کەناوەندی سەرەکیی نەوتی ئەو وڵاتەیە. لە وەڵامدا رۆژی چوارشەممە سعودیە و ئەمریکا بەیەکەوە چەند پێگەیەکیان لەنێو خاکی عێراقدا بۆردوومان کرد. سعودیە بەفەرمی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تۆمەتبارکرد، بەڵام حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە. عێراقیش دەڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
بەڵام دوو بەرپرسەکەی ناوچەکە دەڵێن، هێرشەکان بە هاوبەشی حووسییەکان و گرووپە عێراقییەکان لەنێو خاکی عێراقەوە کراون و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران بوون.
هەر رۆژی چوارشەممە، دوو سەرچاوەی حەشدی شەعبی بە ئاژانسی فڕانس پرێسیان راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانیان لە عێراق، پێنج "راوێژکاری سەربازیی ئێرانی" کوژراون؛ میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانیش ناوی چوار ئەندامی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوە، کە دەگوترێ لەو هێرشانەدا کوژراون. هەروەها حووسییەکان کوژرانی فەرماندەیەکی خۆیان لەو هێرشانەدا پشتڕاست کردەوە.
سەرنجەکە لەسەر عێراق
رۆیتەرز لە زاری شارەزایانەوە باس لەوە دەکات، لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە سووریا و لاوازبوونی حیزبوڵڵا لە لوبنان، ئێستا عێراق بووەتە پێگەیەکی زۆر گرنگ بۆ "بەرەی موقاوەمە".
حووسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەتایبەت کەتائیبی حیزبوڵڵا، لەمێژە پەیوەندییان هەیە، تەنانەت لە ساڵی 2024ـدا ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان راگەیاند و پێکەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.
حووسییەکان لە عێراق نووسینگە و نوێنەری فەرمییان بە ناوی ئەحمەد شەرەفی هەیە، کە بەئاشکرا لەگەڵ پارتە سیاسی و گرووپە چەکدارەکانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ هەروەها پۆستەر و لۆگۆی حووسییەکان بەئاشکرا لە شەقامەکانی بەغدا هەڵواسراون.
عێراق رووبەرێکی فراوان و کراوەی هەیە کە زۆر ئاسانە بۆ شاردنەوە و ئەنجامدانی هێرشی نهێنی لێیەوە. لە هەموویشی گرنگتر، سنووری نێوان عێراق و سعودیە زیاتر لە 800 کیلۆمەترە و کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییە، ئەمەش وایکردووە عێراق ببێتە شوێنێکی زۆر گونجاو بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو.
کێشەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی
بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو پێیانوایە لەم چەند مانگەی رابردوودا سەتان هێرش بۆسەر کوێت، سعودیە و ئیمارات لەنێو خاکی عێراقەوە کراون، لەنێویاندا هێرشێک بە دوو درۆن بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز لە مانگی ئادار؛ هێرشێک بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە لە ئیمارات لە مانگی ئایار.
حکومەتی عێراق چەندین جار بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە بکات، بەڵام رەخنەگران دەڵێن، عێراق توانای راگرتنی ئەو گرووپانەی نییە، ئەمەش زیانی زۆری بە پەیوەندییەکان و متمانەی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گەیاندووە.
هەر بەهۆی ئەم هێرشانە و بۆردوومانەکەی چوارشەممەی سعودیە بۆ سەر عێراق، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانەکەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کۆببێتەوە.
زەیدی بەڵێنی داوە کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول هەموو چەکێک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، ئەوەش سەرەڕای دژایەتیی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان.



