رووداو دیجیتاڵ
پاکستان کە وەک نێوەندگیر لەنێوان تاران و واشنتن کاردەکات، رۆژی پێنجشەممە گوتی، دانوستاندنی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی گەورەی بۆسەر ئێران ئەنجام دا، ئەوەش وەک تۆڵەیەک بۆ ئەو هێرشانەی رۆژێک پێشتر کرانە سەر ئوردن.
دوێنێ چوارشەممەش سعودیەش شانبەشانیت ئەمریکا هێرشی کردە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق؛ هەروەها بۆ یەکەمجار میسریش کەوتە بەر هێرشی درۆنی و بەندەرێکی ئەو وڵاتە لە دەریای نێوەڕاست کرایە ئامانج.
تاهیر ئەندەرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ئیسلام ئاباد بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دانوستاندن لە نێوان لایەنەکان بەردەوامە، بەتایبەتی سەبارەت بە تەنگەی هورمز و هێورکردنەوەی دۆخەکە."
پاکستان پێشتر هاوکار بوو لە گەیشتن بە رێککەوتنێک کە زەوینەی بۆ دانوستاندنی هەمیشەیی لەنێوان هەردوولادا خۆشکرد.
دوایین گەڕی دانوستاندن کە دوای ئاگربەستەکەی مانگی نیسان هات، شکستی هێنا و ئێران تەنگەی هورمزی داخستەوە کە رێڕەوێکی سەرەکیی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، دوو کەشتی نەوت کە بە پاڵپشتیی ئەمریکا دەیانویست لە تەنگەکە بپەڕنەوە، پاشەکشەیان کرد، دوای ئەوەی یەکێکیان گڕی گرت.
هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمریکا
سوپای ئەمریکا ئەم بەرەبەیانە بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی تووندی هێرشی بۆسەر ئێران بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و دەیان ئامانجی سوپای پاسدارانی پێکا، لە نێویاندا ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ چوارشەممە، بەڵێنی دا وەڵامێکی تووندی ئێران بداتەوە، دوای ئەوەی بەرەبەیانیی هەمان رۆژ تاران هێرشی کردە سەر ئوردن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، هێرشەکان چەند شارێکی پارێزگای خوزستانیان گرتووەتەوە، لەوانە ئابادان، شادەگان، ئەروەندکەنار و ئەهواز؛ هەروەها سێ لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە پارێزگای زەنجان کوژران و دوورگەی قیشم لە کەنداویش بۆردوومان کرا.
هێرش بۆسەر کوێت و ئوردن
وەزارەتی بەرگریی کوێت دەڵێ، ئێران هێرشی کردوەتە سەر باکووری وڵاتەکە کە باڵەخانەی کۆمپانیایەکی چینی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کرێکارێک کوژرا و زیانی مادیش بەر شوێنەکە کەوت.
هاوکات، سوپای ئوردن بڵاویکردەوە، بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک بەرپەرچی مووشەکەکانی ئێرانیان داوەتەوە و پێنج مووشەکیان خستووەتە خوارەوە.
سوپای پاسداران هێرشەکانی پشتڕاست کردەوە و داوای کرد، حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە رێگە نەدەن هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا بن.
میسریش چووە نێو بازنەی شەڕ
شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئێستا گەیشتووەتە میسر.
رۆژی چوارشەممە هێرشێکی درۆنی بۆسەر ناوەندێکی هاوردەکردنی گاز لە میسر بووەهۆی ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندن بە دوو کەشتی.
حکومەتی میسر بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی لایەنی بەرپرس بەردەوامە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا کەس بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام حووسییەکان کە گەمارۆی دەریاییان بۆ سەر سعودیە راگەیاندووە، تێوەگلانی خۆیان لەو هێرشە رەتکردەوە.



