رووداو دیجیتاڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە هەوڵی رازیکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بدات بۆ بەردەوامبوون لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران و دەڵێ، بڕیاری چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە دەستی ترەمپدایە. هاوکات هۆشداریی تووندیش دەداتە ئێران و پێشبینیی رووخانی رژێمەکەی دەکات. رۆژی پێنجشەممە 30-07-2026 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News)ـی ئەمریکی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئەمریکا هاوبەشە گەورەکەیە. ئێمە بەکراوەیی گفتوگۆمان لەسەر هەموو بژاردەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران کردووە، بەڵام لەکۆتاییدا بڕیارەکە بڕیاری ترەمپە و کەس پێی ناڵێت چی بکات." نەتەنیاهوو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە گوایە ئیسرائیل دەیەوێت ترەمپ بۆ نێو جەنگەکە رابکێشێت یان چەواشەی بکات. سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران لەلایەن ئەمریکاوە، نەتەنیاهوو گومانی خۆی نیشاندا و گوتی: "ئێرانییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، فێڵ دەکەن و کات دەکوژن." گوتیشی، ئامانجی سەرەکیی ئەو و ترەمپ ئەوەیە رێگە نەدەن رژێمی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە ئێستا ئێران لە جاران لاوازترە و ئیسرائیلیش بەهێزترە، ئەگەرچی دانی بەوەدانا، رژێمی ئێران دوای پێنج مانگ لە جەنگ هێشتا نەڕووخاوە، بەڵام پێشبینی کرد "لەکۆتاییدا هەر دەڕووخێت." هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا "هەڵەیەکی کوشندە دەکات و زۆر بەتووندی وەڵامی دەدەینەوە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتەنیاهوو باسی لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر تەنگەی هورمز و بازاڕی نەوت کرد و گوتی: "پێموانییە ئەو تەنگەیە بۆ هەمیشە وەک کارتێکی گوشار بمێنێتەوە، چونکە بۆرییەکانی وزە دەگوازرێنەوە بۆ دەریای سوور و لەوێشەوە بۆ ئیسرائیل لە دەریای ناوەڕاست. ئێمە کۆتایی بەو خنکاندنە دەهێنین." سەبارەت بە دابەزینی ئاستی پاڵپشتیی ئەمریکییەکان بۆ ئیسرائیل لەم دواییانەدا، نەتەنیاهوو نیگەرانیی خۆی دەربڕی و هۆکارەکەی بۆ هەڵمەتی چەواشەکاریی سۆشیاڵ میدیا و بەکارهێنانی "بۆت" لەلایەن هەندێک وڵاتەوە گەڕاندەوە. داواشی کرد پاڵپشتیی هەردوو پارتی سەرەکیی ئەمریکا (کۆماری و دیموکراتەکان) بۆ ئیسرائیل بەردەوام بێت، چونکە بە بنەمایەکی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانێت.