رووداو دیجیتاڵ سوپای ئوردن رایگەیاند، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی پێنج مووشەکی ئێرانییان بەرپەرچداوەتەوە و تێکشکاندووە کە ئاراستەی خاکی شانشینەکە کرابوون. گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بەپێی پلانە بەرگرییەکان، چاودێریی مووشەکەکانیان کردووە و لە ئاسماندا خستوویاننەتە خوارەوە. گوتەبێژەکە گوتی، پرۆسەی بەرپەرچدانەوەکە زۆر پیشەییانە جێبەجێ کراوە و هەوڵی بەئامانجگرتنی خاکی ئوردن پووچەڵ کراوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوپای ئوردن بەردەوامە لە پاراستنی ئاسمان و سەروەریی وڵاتەکەی، هەروەها لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتیی هاووڵاتییانی بکاتە ئامانج. ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر ئوردن دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دێت. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا [سێنتکۆم] رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هێرشیان کردە سەر ئێران و دەیان ئامانجی سوپای پاسدارانیان کردە ئامانج. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئامانجەکان بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، دامەزراوەکانی دروستکردنی مووشەک و درۆن، بنکەکانی چاودێری و بەرگریی کەناراوەکان و تواناکانی دەریایی. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، مەبەست لەم هێرشانە "کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشانەیە کە ئێران و بریکارەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کەشتییە بازرگانییەکان و وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو دروستی دەکەن." میدیای ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکادا سێ کوژراو و دوو بریندار هەن. ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی تەممووز، هێزەکانی سوپای پاسداران لە هەوڵێکدا بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چەندین مووشەکی بالیستییان لە نێو ئێرانەوە ئاراستە کرد، بەڵام بەگوێرەی سێنتکۆم سەرجەم مووشەکەکان بە سەرکەوتوویی بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێندراون.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست30-07-2026نەتەنیاهوو: بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە دەستی ترەمپدایە و گومانم لە چارەسەری دیپلۆماسی هەیە