رووداو دیجیتاڵ جێگری پارێزگاری خوزستان دەڵێت، شاری ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خوزستان و سێ شاری دیکەی ئەو پارێزگاکە لە لایەن سوپای ئەمریکاوە هێرشیان کرایە سەر، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی قەبارەی زیانەکان بڵاونەکردەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ 30-07-2026 ئەمریکا هێرشێکی چڕی بۆ سەر پارێزگاکانی باشووری ئێرن دەستپێکرد. یەکێک لەو پارێزگایانەی هێرشی بەرفراوانی کراوەتە سەر، پارێزگای خوزستانە کە دەوکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئێران و هاوسنوورە لەگەڵ عێراق. تەلەفزیونی فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا چوار شاری ئەهواز، ئابادان، شادگان و ئەروەندکەنار بۆردوومان کراون. وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستانیش بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمریکا هێرشێکی مووشەکیشی کردووەتە سەر چەند خاڵێک لە شاری ئەهواز، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی هێرشەکان نەخستەڕوو. بە گوتەی جێگری پارێزگاری خوزستان، بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر چەند شوێنێک لە دەورووبەری شارەکانی ئابادان، شادگان و ئەروەندکەنار-یش. وەلیوڵڵا حەیاتی گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانە گیانی و مادییەکانی ئەو هێرشانە نییە و دواتر زنیاری لەبارەی قەبارەی زیانەکان ئاگادار دەکەنەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ کاتژمێر 8ی شەو بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا [کاژێر 3:00 بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی هەولێر] هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد." سێنتکۆم دەڵێت: "ئەم هێرشانە، وەڵامێکی بەهێزە بۆ هەوڵەکانی دوێنێی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون."