رووداو دیجیتاڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان زنجیرەیەک هێرشی قورسیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی سوپای پاسداران لە نێو خاکی ئێران، ئەمەش وەک "وەڵامێک بۆ ئەو هەوڵەی ئێران کە دەیویست هێرشی مووشەکی" بکاتە سەر هێزەکانیان. رۆژی پێنجشەممە 30-07-2026 سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکان کاژێر 10:00ـی شەوی 29ـی تەممووز بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا کۆتاییان هاتووە [5:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر]، "بە سەرکەوتوویی دەیان ئامانجی سوپای پاسدارانمان پێکاوە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئامانجەکان بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، دامەزراوەکانی دروستکردنی مووشەک و درۆن، بنکەکانی چاودێری و بەرگریی کەناراوەکان و تواناکانی دەریایی. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، مەبەست لەم هێرشانە "کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشانەیە کە ئێران و بریکارەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کەشتییە بازرگانییەکان و وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو دروستی دەکەن." ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی تەممووز، هێزەکانی سوپای پاسداران لە هەوڵێکدا بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چەندین مووشەکی بالیستییان لە نێو ئێرانەوە ئاراستە کرد، بەڵام بەگوێرەی سێنتکۆم سەرجەم مووشەکەکان بە سەرکەوتوویی بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێندراون. "ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکراون و لەوپەڕی ئامادەییدان."