رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر شاری کیێڤی پایتەخت، لانیکەم کەسێک کوژراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداریی دابوو لەوەی مۆسکۆ ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە کردووە. ئیدارەی سەربازیی شاری کیێڤ رۆژی پێنجشەممە 30-07-2026 لە تەلەگرام، کوژرانی کەسێکی لە هێرشەکاندا پشتڕاستکردەوە. پێشتریش ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکشارەوانیی کیێڤ رایگەیاندبوو: "دووژمن بە چەکی بالیستی هێرش دەکاتە سەر پایتەخت. مەترسیی هێرشی دیکەش ماوە، لە پەناگەکاندا بمێننەوە." کلیچکۆ ئاماژەی بە کەوتنەوەی ئاگر لە چەند ناوچەیەکی شارەکەش کرد. رۆژی چوارشەممە، زیلینسکی لە ئێکس هۆشداریی دابوو: "رووسەکان چەند رۆژێکە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورە دەکەن، ئەگەری زۆرە ئەمشەو هێرشەکە بکرێت." داواشی لە هاووڵاتییان کرد، لە سەرتاسەری ئۆکراینا ئاگاداری زەنگی هۆشداری بن و خۆیان بپارێزن. زیلینسکی رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و تاوتوێی ئەگەری بەرهەمهێنانی مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی (پاتریۆت)ـیان لەلایەن کیێڤەوە کرد. سەرەتای مانگی تەممووز، ترەمپ نیازی خۆی بۆ رێگەدان بە ئۆکراینا بۆ دروستکردنی ئەو مووشەکانە دەربڕی، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە رووسیا هێرشە بالیستییەکانی چڕتر کردووەتەوە. تەنیا سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی دەتوانێت ئەو جۆرە مووشەکانە بخاتە خوارەوە، بەڵام ئۆکراینا تووشی کەمیی مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی (PAC-3) بووە. قەیرانی کەمبوونەوەی ئەم مووشەکانەش لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، زیاتر بووە.