رووداو دیجیتاڵ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، دوورگەی قیشم لە باشووری ئەو وڵاتە هێرشی کرایە سەر و دەنگی چەندین تەقینەوە بەهێز لە دوورگەکە بیستراوە. جێگری پارێزگاری هورمزگانیش دەڵێت، شوێنێکی نیشتەجێبوون لە دوورگەکە کراوەتە ئامانج. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی تەمموزی 2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا هێرشی کردووە سەر دوورگەی قیشم سەر بە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئەو وڵاتە و لانیکەم دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەکە بیستراوە. ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، کاژێر 4:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوورگەی قیشم بە مووشەک لە لایەن سوپای ئەمریکاوە کرایە ئامانج. بە گوتەی جێگری پارێزگاری هورمزگان، چەندین مووشەکێک بەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە گەرەکی چاه تەنگو لە دوورگەکە کەوتوون. ئەحمەد نەفیسی گوتیشی: "بەهۆی هێرشەکەوە سێ کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە گیریان خواردووە و تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن."