رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا هێرشی "بەهێز"ـی کردەوە سەر ئێران، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی تاران کە بنکەکانی ئەمریکای لە ئوردن کردبووە ئامانج، لە کاتێکدا جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەریهەڵداوەتەوە. میدیای فەرمیی ئێرانیش دەڵێ، لە چەندین شاری وڵاتەکە دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
رۆژی پێنجشەممە 30-07-2026 فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: "هێرشەکان وەڵامێکی بەهێزن بۆ هەوڵی هێرشەکانی دوێنێی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکراون."
میدیا نافەرمییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە تەلەگرام بڵاویان کردەوە، سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بنکە سەربازییەکانییەوە لە نێو خاکی کوێت چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئێران کردووە.
ئاژانسی هەواڵی مێهرنیوزیش رایگەیاند، شاری ئابادان لە پارێزگای خوزستان کراوەتە ئامانج و دەنگی چەندین تەقینەوە لەو شارە بیستراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هێرشەکان بە مووشەک لە نێو خاکی کوێتەوە کراون.
میدیای ئێران هەروەها بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر شاری بووشێهریش و دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە دەورووبەری شارەکە بیستراوە.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، چەند شوێنێکی سەربازی لە شاری نوورئاباد لە پارێزگای فارسیش بۆردوومان کراون.
پێش نوێترین هێرشەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیووزی راگەیاند: "زۆر بەتووندی لێیان دەدەین، زۆر بەخراپی تێکیان دەشکێنین."
سعودیە و ئەمریکا رۆژی چوارشەممە هێرشکردنە سەر بنکەی چەکدارانیان لە عێراق راگەیاند.
بۆ ماوەی دوو رۆژە، سعودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، رایگەیاندووە هێرشی درۆنی کراوەتە سەر دامەزراوەکانی نەوتی خاو، بۆ ئەمەش گرووپە چەکدارەکانی عێراقی هاوپەیمانی تارانی تۆمەتبار کرد.
لە بەرامبەردا، ئێران مووشەکی ئاراستەی ئوردنی هاوپەیمانی ئەمریکا کرد، دواتریش میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی نزیک سنووری نێوان ئێران و عێراق.
پێشتر سوپای ئوردن رایگەیاندبوو، پێنج مووشەکی ئێرانییان تێکشکاندووە، هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە بنکەکانی ئەمریکایان لەوێ کردووەتە ئامانج.
دەقی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم
"هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ کاژێر 8ی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد. هێرشەکان وەڵامێکی بەهێزن بۆ هەوڵی هێرشەکانی دوێنێی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکراون."



