رووداو دیجیتاڵ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی تەممووزی 2026، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورمزگان بیستراوە. بە پێی میدیای ئێران، دەنگی چەندین تەقینەوە لە دوورگەکانی کیش و قیشم و لە نێو سنوورە ئاوییەکانی ئێران لە نزیک ئەم دوو دوورگەیە بیستراوە. میدیا نافەرمییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، وەکو کەناڵی (سپاە سایبری پاسداران) لە تەلەگرام بڵاویان کردەوە، سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بنکە سەربازییەکانییەوە لە نێو خاکی کوێت چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئێران کردووە. ئاژانسی هەواڵی مێهرنیوزیش رایگەیاند، شاری ئابادان لە پارێزگای خوزستان کراوەتە ئامانج و دەنگی چەندین تەقینەوە لەو شارە بیستراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هێرشەکان بە مووشەک لە نێو خاکی کوێتەوە کراون. میدیای ئێران هەروەها بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر شاری بووشێهریش و دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە دەورووبەری شارەکە بیستراوە. بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، چەند شوێنێکی سەربازی لە شاری نوورئاباد لە پارێزگای فارس-یش بۆردوومان کراون. رۆژی چوارشەممە، 29ی تەمموز، سوپای پاسدارانی ئێران پشتراستی کردەوە، هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن. فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاندبوو، ئێران بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکیان لە ئوردن. دوای ئەو هێرشەی سوپای پاسداران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی: "زۆر بە تووندی وەڵامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەکانمان دەدەینەوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن ئەوا لە کاژێرێکدا تەواوی پردەکانیان لەنێودەبەن.