رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، بنکەیەکی ئاسمانی و ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکایان لە ئوردن بە چەندین مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تەمموزی 2026، فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە وەڵامی کردەوە دەستدرێژیکارانەکانی سوپای ئەمریکا، هێزەکانی سوپای پاسداران بە چەندین فڕۆکە و مووشەکی بالیستی، بنکەیەکی ئاسمانی و ناوەندێکی فەرماندەیی سوپای ئەمریکایان لە نێو خاکی ئوردنکردە ئامانج".
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە: "تا ئەو کاتەی هەڕەشەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بن و کردەوە نایاسایی و شەڕەنگێزییەکانی هێزەکانی ئەمریکا دژی بەرژەوەندییەکانمان لە ئارادا بن، بەرگریکردن بەردەوام دەبێت."
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە واشنتن و دەڵێ: "دەبێت سەرجەم هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکی و دەستوەردانە نایاساییەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زووترین کات رابگیرێن."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانیان داوەتەوە کە بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردبووە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، سیستمە بەرگرییەکانیان لەوپەڕی ئامادەباییدا بوون و رایگەیاند: "سەرجەم مووشەکەکانی ئێران بە سەرکەوتوویی تێکشکێندران و هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە."
ئەمە یەکەمین پێشهاتی سەربازیی نێوان هەردوولایە، دوای چوار رۆژ وەستانی بۆردوومان و هێرشەکان بۆسەر یەکدی. لە 12ی تەمموزەوە بۆ 13 شەو لەسەر یەک، ئەمریکا بۆردوومانی پێگە سەربازییەکان و ژێرخانی ئێرانی کرد و لە بەرامبەریشدا سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە دەکردە ئامانج.


.jpg&w=3840&q=75)