رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە هۆشداری دا لەوەی هەر وڵاتێک دەست بۆ داراییە بلۆککراوەکانی وەک قەرەبوو ببات، مافی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی بە تەنگەی هورمزدا نابێ، ئەمەش وەک وەڵامێکی تووند بۆ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئەم هەڕەشەیەی ئێران دوای ئەوە دێت پێنج شەممەی رابردوو ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند: "واشنتن ئەو داراییانەی ئێران کە لە دەرەوەی وڵات بلۆککراون، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە بەکاردەهێنێت کە بەهۆی هێرشەکانی تارانەوە بەر کەشتییە بازرگانییەکان کەوتوون."
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای (خاتەمولئەنبیا)، رۆژی سێشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند: "هەر وڵات یان کۆمپانیایەک کە هاوکاری ئەم کردە نایاساییەی ترەمپ بکات، رێگەی لێ دەگیرێ و ناتوانێت تەنگەی هورمز بەکاربهێنێت."
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، کە پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێستا، پێنجیەکی نەوت و گازی بازرگانیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.
)رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی) سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هەڵگیرسا، 61 کەشتی لە تەنگەی هورمز، دەریای عومان و کەنداو هێرشیان کراوەتەسەر کە لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
.jpg&w=3840&q=75)
