رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، لەگەڵ ئێران لە دانوستاندنی باشدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریی تووندیشی دا، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئەوا لە ماوەی کەمتر لە رۆژێکدا تەواوی پردە سەرەکییەکان و وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە خاپوور دەکەن. رۆژی سێشەممە 28-07-2026 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیووز)، ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا "بە تەواوی ئێرانی لە رووی سەربازییەوە تێکشکاندووە،" بەجۆرێک کە ئێستا هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە و سوپاکەیان زیانی وێرانکەری بەرکەوتووە، هەروەها سیستمی بەرگریی ئاسمانی و بەشێکی زۆر لە چەکەکانیشیان لەناوبراون. سەرەڕای ئەو وێرانکارییە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "باشترە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن لەبری ئەوەی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە وێران بکەین." ترەمپ رایگەیاند، ئێرانییەکان رازی بوون بەوەی نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و تەنیا پێویستە رێککەوتنەکە فەرمی بکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تەنانەت کەسێکی وەک لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان کە هەمیشە هەڵوێستی تووندی دژی ئێران هەبووە، ئێستا پێیوایە رێککەوتن باشترە لە وێرانکردنی تەواوەتیی ئێران. سەرۆکی ئەمریکا باسی لە پێگەی بەهێزی وڵاتەکەی کرد بەرامبەر تاران و هۆشداریی دا: "ئەگەر ئێران رێککەوتنمان لەگەڵ نەکات، ئەوا دەگەڕێمەوە و کارەکە تەواو دەکەم، هەروەک چۆن هەندێک لە کۆمارییەکان داوام لێدەکەن بەردەوام بم لە بژاردەی سەربازی. دەتوانم بە ئاسانی و لە کەمتر لە کاژێرێکدا، یان با بڵێین دوو کاژێر، زۆربەی پردە سەرەکییەکانی ئێران لەناو ببەم، هەروەها لە یەک رۆژدا سەرجەم وێستگەکانی کارەبایان خاپوور دەکەم." ترەمپ باسی لەوەش کرد، دروستکردنەوەی پردێک 10 ساڵی پێویستە، ئەگەر ئەو کارە بکات، "91 ملیۆن ئێرانی بێ کارەبا و پرد دەمێننەوە و ژیانیان دەکەوێتە دۆخێکی زۆر هەستیارەوە." گوتیشی: "ئەگەر بتوانم لەو کارە دووربکەومەوە، پێم خۆشە بیکەم، بەڵام ئەوان دەزانن ئەگەر رێککەوتن نەکەن، ئەو کارە دەکەم." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە پێگەی چیای قوڵنگی کرد لە ئێران و بە "کێشەیەکی گەورە" نەیزانی. لەم بارەیەوە رەخنەی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت کە زانیارییەکانی لەسەر ئەو پێگەیە ئاشکرا کردبوو و گوتی: "پێویستم بە بیبی (نەتەنیاهوو) نییە ئەوەم پێ بڵێت. ئەو ئەوە دەڵێت چونکە دەیەوێت ئێمە لە جەنگەکەدا بهێڵێتەوە. کاتێک گوێم لێبوو رایگەیاند، گوتم بۆچی تەنیا بە خۆمت نەگوت؟ بۆچی دەبێت بە هەموو جیهانی رابگەیەنیت؟" ترەمپ روونیکردەوە، لەرێگەی هێزی بۆشایی ئاسمان و باشترین کامێراکانی جیهانەوە، ئەمریکا بەتەواوی دەزانێت لەو چیایەدا چی دەگوزەرێت، هەڕەشەی ئەوەی کرد: "ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئەوا بە ئاسانی ئەو پێگەیەش لەناو دەبەین." سەبارەت بە رێڕۆ ئاوییەکان، ترەمپ رایگەیاند، ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئێستا خستوویانەتە سەر ئێران هێندە تووندە کە "کەس ناتوانێت تێیپەڕێنێت." ئاماژەی بەوەش کرد، راستە ئێران دەتوانێت هەندێک مین لە دەریادا بچێنێت و پشێوی دروست بکات، بەڵام "ئێمە کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز دەکەین" و چیدی رێگە نادەن ئێران پێشێلی رێککەوتنەکان بکات.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28-07-2026وەزیری دەرەوەی یەمەن: حوسییەکان دەیانەوێت مۆدێلی ئێران لە دەریای سوور دووبارە بکەنەوە