رووداو دیجیتاڵ
ئەفراح زوبە، وەزیری دەرەوەی یەمەن رایگەیاند، حوسییەکان ئامانجیانە ستراتیژیی ئێران لە تەنگەی هورمز، لە دەریای سووردا دووبارە بکەنەوە. هۆشداریشی دا، حوسییەکان دەیانەوێت بە پەکخستنی کەشتیوانی لە تەنگەی بابولمەندەب، هەردوو رێڕۆ ئاوییە سەرەکییەکە دابخەن.
وەزیری دەرەوەی یەمەن رۆژی دووشەممە 27-07-2026، لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ریاز بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وایکردووە حوسییەکان بوێرتر بن؛ هەروەها گوتی، "حوسییەکان دەیانەوێت مۆدێلی ئێرانی کۆپی بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی داخستنی دەروازەکانی کەنداو و دەریای سوور."
ئێستا دەریای سوور بووەتە بەرەیەکی نوێی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران. حوسییەکان بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر سعودیە و گەمارۆیان خستووەتە سەر کەشتییەکانی سعودیە. لە بەرامبەردا، سعودیە بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی بنکە سەربازییەکانی حوسییەکانی داوەتەوە و بەڵێنی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی داوە.
ئەم پێشهاتە نوێیانە مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوخۆی یەمەنیان زیاتر کردووە. زوبە ئاماژەی بەوە کرد حکومەتی یەمەن، کە لەلایەن ریازەوە پشتگیرییەکی تووندی لێ دەکرێت، بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەیە. زوبە گوتی: "ئەم ململانێیە دەبێت کۆتایی بێت، چ لە رێگەی ئاشتییەوە بێت یان بە رێگەی دیکە."
شەڕی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس. لە ساڵی 2022ـدا ئاگربەستێک واژۆ کرا، بەڵام هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییە ئاگربەستەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە. ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان واشنتن و تاران، گوشارێکی زۆر لەسەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دروستبووە.


![سێ رۆژە شەڕ وەستاوە؛ سعودیە درۆنەکانی [گرووپە چەکدارەکانی] عێراق تێکدەشکێنێت](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260727200030_AFP__20260727__C39X7AF__v1__HighRes__IranUsIsraelWar.jpg&w=3840&q=75)