رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، زیادبوونی گرژییەکانی نێوان سعودیە و حووسییەکانی یەمەن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەردوولا چەند هێرشێکیان کردە سەر یەکدی.
عێراقچی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فەرمیی (ئێران دەیلی) گوتی: "ئێمە بڕوامان وایە کێشەی یەمەن، تەنگەی بابولمەندەب و پرسەکانی دیکەی ناوچەکە هیچ چارەسەرێکی سەربازییان نییە." هەروەها داوای کرد کە کێشەکان لەرێگەی "گفتوگۆ و دانوستاندن"ـەوە چارەسەر بکرێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە وڵاتەکەی دەستی لەو رووداوانەدا هەبێت و گوتی: "بارودۆخی یەمەن ناتوانرێت بخرێتە ئەستۆی ئێران." روونیشی کردەوە کە ئەو رووداوانەی لە دەوروبەری تەنگەی بابولمەندەب روودەدەن، "سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کێشە و ناکۆکییە کۆنەکانی نێوان یەمەن، سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە."
شەڕی نێوان حووسییەکانی یەمەن و سعودیە لە ساڵی 2022ـەوە بەهۆی ئاگربەستێکی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تاڕادەیەکی زۆر وەستابوو. بەڵام ئەم مانگە جارێکی دیکە شەڕەکە هەڵگیرسایەوە، ئەوەش کاتێک حووسییەکان رایانگەیاند، گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر بەندەرەکانی سعودیە و هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر.
ئەم گەمارۆیە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سعودیە و توانای هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ جیهان کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی کە لە هەمان کاتدا ئێرانیش تەنگەی هورمزی داخستووە، کە تاکە رێڕەوی دەریایی دیکەی سعودیەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی هەینی گوتەبێژێکی حووسییەکان رایگەیاند، ئەوان رێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکان ناکەن لە تەنگەی بابولمەندەبدا و گوتیشی: "ئەم گەمارۆ دەریاییە تەنیا کاریگەری لەسەر لایەنی سعودی دەبێت و وڵاتانی دیکە ناگرێتەوە."


