رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی 13ـەمین شەوی لەسەریەکی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران کۆتایی پێهێناوە و چەندین 'پێگەی هەستیار' یان کردووەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، 24ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، کاژێر 4:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر هێزەکانی سێنتکۆم ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، کۆگاکانی هەڵگرتنی درۆن، تۆڕەکانی پەیوەندیکردن، پێگەکانی چاودێریی کەناراوەکان و تواناکانی هێزی دەریایی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ئامانج لە چڕکردنەوەی ئەم هێرشانە، کەمکردنەوەی زیاتری ئەو هەڕەشانەیە ئێران دروستیان دەکات بۆ سەر دەریاوانە مەدەنییەکان و کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا.
سەرباری هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بە کراوەیی ماوەتەوە بۆ هاتووچۆ. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کەشتییە بازرگانییەکان بە پاڵپشتیی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە تێپەڕبوونی ئازادانە بەنێو تەنگەکەدا.
سەبارەت بە قەبارەی هێزەکانیان لە ناوچەکەدا، سێنتکۆم لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر کراون و ئۆپەراسیۆنەکانیان بەڕێوەدەبەن.
لە 12ی ئەم مانگەوە ئەمریکا دەستی بە هێرشەکانی کردووەتەوە بۆ سەر ئێران و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیان دەدەنەوە. هەرچەندە ئەمریکا ئاماژە بە کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز دەدات بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران کۆنتڕۆڵی ئەمریکا بەسەر تەنگەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت تەنگە لەژێر کۆنترۆڵی ئەوان دایە.

.jpg&w=3840&q=75)