رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و سعودیە کە رێگە بە ریاز دەدات بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی وێستگەی ئەتۆمی دروست بکات و یۆرانیۆم بپیتێنێت، ترسی لای ئیسرائیلییەکان دروستکردووە کە ببێتە هۆی دەستپێکردنی پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
ئەو رێککەوتنەی رۆژی چوارشەممە راگەیێندرا و هێشتا پێویستی بە پەسندکردنی کۆنگرێسی ئەمریکایە، ئامانج لێی رێگەدانە بە سعودیە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی. تاوەکو ئێستا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هیچ لێدوانێکیان لەسەر رێککەوتنەکە نەداوە، بەڵام رەخنەگران دەڵێن، ئەم هەنگاوە زیان بە بەرژەوەندییە ئەمنییە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل دەگەیێنێت.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە هەوڵدەدات لە هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا پۆستەکەی لە نەتەنیاهوو وەربگرێتەوە گوتی: "ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی لەگەڵ سعودیە دەکرێت، بەبێ گوێدانە ئیسرائیل، شکستێکی ستراتیژیی گەورەیە و ئاسایشمان دەخاتە مەترسییەوە." هەروەها هۆشداریی دا کە "پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی سعودیە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشبڕکێیەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵێکی مەترسیدار."
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی سعودیە بە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کۆتایی دێت و دەبێتە هۆی پێشبڕکێیەکی شێتانەی خۆپڕچەککردن لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا."
لیبەرمان ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل بڕوای وایە بە تەنیا خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت لە ناوچەکەدا، دەبێت دژی ئەم رێککەوتنە بوەستێتەوە و گوشار بخاتە سەر کۆنگرێس بۆ رێگریکردن لێی.
هەوڵەکان بۆ رێککەوتنێکی ئەتۆمیی مەدەنی لەگەڵ سعودیە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکرێت، لە خولی یەکەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکرابوو، هۆکارەکەشی بەشێکی دەگەڕایەوە بۆ هۆشدارییەکانی گرووپەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کە پێیان وابوو ئەمە رێگە بۆ سعودیە خۆش دەکات چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
ئیسرائیلییەکانیش هیوایان خواستبوو هەر رێککەوتنێکی لەم شێوەیە بکرێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیەدا بێت، هەروەک لە پلانەکەی بایدندا پێشبینی دەکرا.
بێنی گانتز، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل لەم بارەیەوە گوتی: "هیچ بەرپرسێکی ئەمنی نییە بڵێت پێدانی توانای ئەتۆمیی مەدەنی بە سعودیە، بەبێ ئەوەی بەشێک بێت لە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی مامناوەندی ناوچەیی، هەنگاوێکی باش بێت بۆ ئاسایشی ئیسرائیل."
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا و شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە رێککەوتننامەکەیان واژۆ کرد. هەروەها هەردوولا رێککەوتنێکی دیکەی دووقۆڵییان تایبەت بە "گەرەنتییە ئەمنییەکان" واژۆکرد.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم دوو رێککەوتنە پێکەوە بناخەیەکی یاسایی بۆ هاوبەشییەکی چەندین دەیەیی و بە بەهای ملیاران دۆلار دادەڕێژن، کە چەندین ئامانجی لەپێشینەی ئابووری و ستراتیژی دەپێکن، لەنێویاندا رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".
ئەم رێککەوتنە رێگە بۆ سعودیە خۆش دەکات سوود لە تەکنەلۆژیای ئەمریکی وەربگرێت بۆ بونیادنانی وێستگەی ئەتۆمی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت، ئەمەش لەژێر چوارچێوەیەکی یاسایی و چاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتیدا تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی سەربازیی وزەی ئەتۆم بکرێت.
ئەم ڕێککەوتنە کە لە ناوەندە یاساییەکاندا بە رێککەوتنی 123 ناسراوە، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت تاوەکو بچنە ناو پڕۆگرامی وزەی ئەتۆمیی سعودیەوە. ئەمەش سوودێکی زۆر بە پیشەسازیی ئەمریکا، کرێکاران و زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان دەگەیێنێت، لە هەمان کاتدا یارمەتیدەری سعودیە دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنانە گوزارشت لە پابەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات دەکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و ریاز. دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەم رێککەوتنانە بەرزترین پێوەری سەلامەتیی ئەتۆمی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەک دەپارێزن، هاوکات پشت بە باشترین تەکنەلۆژیا و زانایانی جیهان دەبەستن کە لێرە لە ئەمریکا دیزاین کراون."
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردەوە و گوتی: "سوپاس بۆ سەرۆک ترەمپ، بووژانەوەی ئەتۆمیی ئەمریکا دەستیپێکردووە و سوودی درێژخایەنی بۆ گەلی ئەمریکا و سعودیە دەبێت." ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆک ترەمپە بۆ بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ریاکتۆری ئەتۆمی بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هاوبەشییە:
- فراوانکردنی هەناردەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ دەرەوە.
- رەخساندنی هەلی کاری گرانبەها لە ئەمریکا و گەشەی ئابووریی درێژخایەن.
- بەهێزکردنی پێگەی وزە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
- قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و شانشینی سعودیە.
بڕیارە دەقی رێککەوتنەکە رەوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت بۆ ئەوەی لەوێ پێداچوونەوەی یاسایی بۆ بکرێت و بە فەرمی پەسند بکرێت.
سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی چەندین ساڵە هەوڵ بۆ دەستخستنی ئەتۆمی ئاشتی دەدات، ئەویش پێویستە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بێت.



