رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا لە 12ـیەم شەوی هێرشەکانی، چەند خاڵێکی لە شاری ئیسلامئاوای کرماشان کردە ئامانج. قایمقامی شارەکە دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-07-2026، فەرهاد شەهبازی، قایمقامی ئیسلامئاوای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، جارێکی دیکە ئەمریکا هیڕشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە شارەکە.
فەرهاد شەهبازی، بەبێ خستەڕووی وردەکارییەکان گوتی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە شارەکە بیستراوە.
بەگوتەی قایمقامی ئیسلامئاوای کرماشان، هێرشەکەی ئەمریکا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بەدواداچوون بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکان بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ 12ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران و شەپۆڵیکی دیکەی هێرشەکانیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
لە وەڵامدا ئێرانیش بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لە راگەیێندراوێکدا سوپای کوێت پشتڕاستی کردەوە چەندین درۆن لە ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکە کراون و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تێکشکاندنیان کارا کراوە.



