رووداو دیجیتاڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی چوارشەممە ستراتیژیی بەرگریی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا روونکردەوە و رایگەیاند: بە تووندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەنەوە کە ژێرخانی ئێران بە ئامانج بگرێت. لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی ئێکس، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە: "رێبازی بەرگریی ئێمە روونە؛ ئەویش چاو بەرامبەر بە چاوە." عێراقچی هۆشداریی دا کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران، بەتایبەتی بۆ سەر ژێرخانەکەی، وڵاتەکەی ناچار دەکات وەڵامێکی "بەهێز و یەکلاکەرەوە" بداتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی لەو لایەن و وڵاتانەش کرد کە هاوکاریی هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی دەکەن و گوتی: "ئەوانەی بە هەر شێوەیەک بەشداری لەم دەستدرێژییانەدا بکەن، جا هەر جۆرە پاڵپشتییەک بێت، وەک ئامانجی رەوا بۆ هێزە چەکدارەکانمان ئەژمار دەکرێن." ئەم لێدوانە تووندانەی عێراقچی دوای ئەوە دێن، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی بۆردوومانکردنی پرد و وێستگەکانی کارەبای تارانی کرد، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا. رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، ترەمپ ستراتیژییەکی نوێی سەربازیی راگەیاند و گوتی: "لە ئێستاوە، هەر کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەنگەی هورمز تەقە لە کەشتییەک بکات، جا چ بە مووشەک، رۆکێت، درۆن، یان هەر ئامراز و چەکێکی دیکە بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆردوومانی یەک پرد یان یەک وێستگەی کارەبا دەکات و خاپووری دەکات." ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە 11 رۆژی رابردوودا ئاڵۆزییەکان لە تەنگەی هورمز گەیشتوونەتە لووتکە و هەردوولا رۆژانە هێرش دەکەنە سەر یەکدی، ئەمەش وایکردووە ئەو رێککەوتنەی کە مانگی رابردوو لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا، بە تەواوی بکەوێتە مەترسییەوە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: ئەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی ئێران تەنیا ناوچە سنوورییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو وەک وەڵامێکی تووند، ئەو پرد و وێستگانەی کارەباش دەکرێنە ئامانج کە لە نزیک یان لە ناو جەرگەی شاری تارانی پایتەختدان. ئەم هەڕەشانەی ترەمپ رۆژێک دوای ئەوە دێت کە گوتی دەکرێت "بەم زووانە" هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی تاران ئامێر و ماددە ئەتۆمییەکانی تێدا شاردووەتەوە.
ئێران22-07-2026دوورگە ستراتیژییەکانی ئێران؛ کلیلی ئابووریی تاران و ئامانجی سەرەکیی مووشەکەکانی ئەمریکا