رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لێدان لە ئێران هەڵەیەکی گەورەیە و تێچووەکەی تەنیا سەربازی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکانی دەگاتە بازاڕی وزە و ئابووریی جیهانی.
رۆژی چوارشەممە 22-07-2026، عەلی ئەکبەر وێلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قۆناخێکی نوێی بەرگریدایە؛ خەیاڵی لێدان لە ئێران بە تێچوویەکی کەم، هەڵەیەکی گەورەیە."
ویلایەتی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەی، وەڵامەکەیان تەنیا لە مەیدانی سەربازییدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەڵێت: "لێکەوتەکان لە مەیدانی سەربازی تێدەپەڕن و دەگوازرێنەوە بۆ بازاڕی وزە و ئابووریی جیهانی."
راوێژکارەکەی خامنەیی پەیامێکی ئاراستەی کۆشکی سپی کردووە و دەڵێت، بە هەڕەشەکردن و کۆکردنەوەی هاوپەیمانان و لۆبیی ئەورووپی، واشنتن ناگاتە ئاسایش و سەقامگیری، بەڵکو بەو هەنگاوانە "لێکەوتەی هەڵەکان جیهانی دەکات."
ئەم لێدوانەی تاران دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، دەکرێت "بەم زووانە" هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی تاران ئامێر و مادە ئەتۆمییەکانی تێدا شاردووەتەوە.
ترەمپ بەتایبەتی ئاماژەی بە "چیای قوڵنگ" کرد و گوتی: "ئێمە ئاگاداری جووڵەکانین. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، زۆر بەزوویی لەو ناوچانە دەدەین. ئێران ناتوانێت هیچ کارێک بەرامبەر ئێمە بکات."
چیای قوڵنگ کە دەکەوێتە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنز لە نێوەڕاستی ئێران، بە یەکێک لە نهێنیترین و قایمترین دامەزراوەکانی ئێران دادەندرێت. دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێیانوایە، تاران هەزاران ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمی (سەنتەرفیوژ) بردووەتە ناو ژێرزەمینە قووڵەکانی ئەو کێوە تاوەکو لە بۆردوومانی ئاسمانی بیانپارێزێت.




